حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی هونەرمەند ماهیر حەسەن کرد، بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بێرمینگهامدا.
لە پەیامەکەدا هاتووە: “بە بۆنەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەوە پیرۆزبایی لە کاک ماهیر حەسەن دەکەم و لەیەزدان داواکارم سەرکەوتوو و سەلامەتی بکات، کاکە ماهیر هونەرمەندێکی گەورە و ڕێزدار و خۆشەویستی گەلەکەمانە”.
لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بێرمینگهام، بە شێوەیەکی فەرمی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بەخشرایە هونەرمەندی ناسراو ماهیر حەسەن لە پای ئەو ئاستە بەرزەی لە ڕۆڵبینینی فیلمی سینەمایی “ژان”دا پێشکەشی کردووە.
فیلمی “ژان” لە نووسینی لەیلا باغ پیرا و دەرهێنانی بورهان ئەحمەدییە، کە تەواوی کارەکانی لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنەی گیراوە. ئەم بەرهەمە سینەماییە توانیویەتی لە فێستیڤاڵەکەدا دەنگدانەوەیەکی باش دروست بکات و سەرنجی لیژنەی هەڵسەنگاندن و ئامادەبووان بەلای خۆیدا رابکێشێت.

