گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات لەسەر پرسی بودجە، نەوت و داهاتی ناوخۆ، هەروەها هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەشە بودجەی کوردستان بەپێی ماف و شایستەی خۆی لە بودجەی گشتیی عێراقدا دیاری بکرێت.
پێشەوا هەورامانی بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی ڕاگەیاند: “هەر کاتێک پێویست بێت شاندی کوردستان بچێتە بەغدا لەبارەی پرسی بودجەوە، هەموو ئامادەیییەکمان بۆ گفتوگۆ نیشان داوە. هەموو جارێک سەرۆکی حکوومەت لەسەر پرسە جیاوازەکان گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا کردووە و بە ڕاشکاوانە قسەی لەگەڵدا کردوون.”
سەبارەت بەوەی ئایا لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، هەورامانی ڕوونی کردەوە کە تا ئێستا نەکەوتوونەتە سەر ڕێککەوتنی کۆتایی؛ چونکە بەپێی یاساش بێت ناکرێت سەدا سەدی هەموو داهاتی پارێزگاکان ڕادەست ببرێت، بەڵکو دەبێت نیوەی ڕادەست بکرێت. گوتیشی: “ئەوان داوایەکی لەو شێوەیەیان لێ کردووین کە دەبێت سەدا سەدی داهاتیان پێ بدەین؛ ئێمە ئامادەین سەدا سەدی داهاتی ناوخۆ بدەینە بەغدا، بە مەرجێک %١٤ی بودجەی گشتیی عێراقمان پێ بدرێت. هەرچەندە بەپێی یاسا ئەو مافەیان نییە، بەڵام دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت.”
ئەوەشی خستە ڕوو: “بەڵام ئێستا مووچەکە بە ئەگەر و نەگەرەوە بدەیت، پارەی وەبەرهێنان نەدەیت و سیستەمی “ئەسیکۆدا”مان بەسەردا فەرز بکەیت، ئەمە دەبێتە حەز و ئارەزووی ئەوان. ئێمە ئامادەین سیستەمی ئاسی کۆدا جێبەجێ بکەین، بەڵام دەبێت ئەوانیش داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ بکەن؛ ئەوان لە حەقی خۆیان زیاتر داوا دەکەن.”
لەبارەی پرسی نەوتی سپییەوە ڕایگەیاند: وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ کوردستان، و بڕیارە لە سەرەتای مانگی ١١ بڕێک نەوت—کە دیاری نەکراوە—بۆ کوردستان بنێرن. لە هەموو بارێکدا ڕای سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە کە ناكرێت مافی خەڵکی کوردستان بفەوتێت.

