بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات، هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە گۆڕانکاری لە شەپۆلەکەدا ڕوویداوە و کاریگەرییەکەی کەمتر بووەتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسمان لە پەڵەهەور و نیمچەهەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. لە دوای نیوەڕۆوە بارانبارین لە ناوچەکانی باکووری هەرێم و پارێزگای دهۆک دەست پێدەکات و پاشان دەگاتە ئیدارەکانی سۆران، ڕاپەڕین و بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەروەها لە هەولێر و دەوروبەری ئەگەری نمەبارانێکی کەم هەیە. بەڵام لە کاتەکانی شەودا کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی هەینی، کەشناسی پێشبینی دەکات بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەستپێبکاتەوە و دواتر پەلبکێشێت بۆ ئیدارەی سۆران، ڕاپەڕین، سلێمانی و هەڵەبجە. لە هەندێک ناوچەی باکووری هەرێم بارانەکە بەشێوەی تاوەباران و هەورەبروسکە دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری هەرێم ئەگەری بارانبارین کەمترە.
کەشناسی لە تێبینییەکدا سەرنجی هاووڵاتییانی بۆ ئەوە ڕاکێشاوە کە بەراورد بە دەستپێکی شەپۆلەکە، گۆڕانکاری لە بڕ و شێوازی داباریندا دروست بووە و کاریگەرییەکەی لاوازتر بووە، بۆیە مەرج نییە سەرجەم ناوچەکان بگرێتەوە.
ئەمەش بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوە بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە و سبەی هەینی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان (بە پلەی سیلیزی):
| ناوچە / شار | ئەمڕۆ پێنجشەممە | سبەی هەینی |
| هەولێر | 25° | 25° |
| سلێمانی | 24° | 24° |
| دهۆک | 22° | 22° |
| هەڵەبجە | 26° | 26° |
| گەرمیان | 29° | 29° |
| چەمچەماڵ | 25° | 25° |
| زاخۆ | 22° | 22° |
| پیرمام | 21° | 21° |
| سۆران | 20° | 20° |
| حاجی ئۆمەران | 15° | 15° |

