«تەئکید لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکرێتەوە و هۆشداری دەدرێت لە هەر هەنگاوێکی تاکلایەنە کە دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر بکات.»
دەقی لێدوان و هەواڵەکە:
جەوهەر نامیق سوارە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس سەبارەت بە دوا پێشهات و دۆخی شنگال ڕایگەیاند: “هەر هەنگاوێک یان لێکتێگەیشتنێک کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە سەبارەت بە دۆخی شنگال بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، پێچەوانەی ناوەرۆک و ڕۆحی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتی و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.”
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: “بە بیر هەموو لایەکی دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەهید و ٣ هەزار برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان لە دەستی تیرۆر ئازاد کراوە. ئەم قوربانیدانە گەورەیە و تێکۆشانی پێشمەرگە شایستەی ئەوەیە ڕێزی لێ بگیرێت، نەک بە هەنگاوی تاکلایەنە و ڕێککەوتنی لاوەکی، ئیرادەی خەڵکەکەی و خوێنی شەهیدان پشتگوێ بخرێت.”
جەوهەر نامیق سوارە جەختیشی لەوە کردەوە: “سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، نەک هەر ئارامی دابین ناکات، بەڵکو دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پڕۆسەی ئاساییکردنەوە لەبار دەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست و کرداری، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە ئەوە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعییە لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، هاوکات دەروازەی سەرەکییە بۆ دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایش، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکی و بنەڕەتین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.”
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا جەوهەر نامیق سوارە ئاماژەی بەوە دا: “داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فیدرال بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجام دراون. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە بە هەر هۆکارێک ئەستەمە، با هەموان بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن و هەموو لایەک پابەند و پشتیوانی هەڵبژاردەی ئەوان بن، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامی و شکۆی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە.”

