بەهرە محەمەد
لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵی ڕابردوودا ، دەسەڵاتی تازەی حکومەتی عێراق توانای ئەوەی نەبووە چارەسەری بنەڕەتی کێشە ناوخۆییەکان بکات ، بۆیە بەردەوام ململانێ و قەیرانەکان بوونیان هەیە ، کێشەی گەورەی حکومەتی عێراق بە ئەقڵیەتێکی ناوەند گەرایی مامەڵە لەگەڵ پرسە هەڵواسراوەکان دەکات و لە زۆربەی کاتدا بۆ بڕیاردان لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی زیاتر پشت بە یاسا کۆنەکانی سەردەمی بەعس و هەندێک بڕیاری ڕۆژانەی حکومەت دەبەستێ ، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و لە یەکتر تێگەشتن لە پرسە گرنگەکان. بۆ عێراقی داهاتوو ڕەنگە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان لەگەڵ هەرێم و ناوچەکانی تری سوننی کارکردن بێت بە دەستوور ، چونکە دەستوور گەورەترین دەرفەتە بۆ ئەوەی هەم چارەسەری کێشەکان بکات و هەمیش بتوانێت عێڕاق بەشێوەی یەکگرتوویی و یەک هەڵوێست بهێڵێتەوە. بەڵام ئەرزی واقع کە دەبینین زۆربەی جار عێڕاق بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و بەبێ ئەوەی کاربکات بۆ کۆتایی هێنان بە چارەسەری پرسە ئاڵۆزەکان ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێ و بڕیاری کۆتایی دەدات، زۆر جاریش لە زۆر پرسی گرنگ لە ناوخۆی عێراق هێزی دەسەڵات بەبێ ئەوەت بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی تر بڕیارێکی لەناکاو دەدات کە زیاتر کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات ، بەتایبەت گەر باسی پرسی پەیوەندی و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەین ، زۆر بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەغدا تاوەکو ئێستاش ئامادە نیە هەنگاو بەرەو چارەسەری کێشەکان بنێت لەگەل هەرێم ، بەڵکو زیاتر هەولی ئەوە دەدات لە ڕێگەی یاسا کۆنەکان و پرسی بودجە و مافەکانی هەرێم ، هەوڵدەدات پێگەی هەرێم لاواز بکا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی تەنانەت ئامادە نیە پابەند بێت بەو ڕێکەتنانەی کە خۆی واژۆی کردووە لەگەڵ هەرێم ، لە تازەترین پێشێلکاریش کە پرسی شەنگالە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بە گوێرەی ویست و خولیای خۆیان بڕیاریان داوە بەبێ بیرکردنەوە لە لێکەوتە نێگەتیڤ و جیاوازەکان .
وە لەئێستادا هەندێک لایەنی سیاسی کوردی ئەوەندەی خۆیان بە پارێزەری حکومەتی بەغدا دەزانن و بەرگری لەو سیاسەت و حوکمڕانیە دەکەن نیو بەقەد ئەوە شەڕیان بۆ مافە دەستووریەکانی هەرێم نەکردووە و تەنانەت هەوڵیشیان نەداوە ، ڕۆژانە ئەم کردەوە ناشیرن و جێگە پرسیارانە دەبینین کە بێ ئاگان لە ئەجێندای بەغدا کە دژ بە هەرێم کاری بۆ دەکات ، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی وەک پارێزەری قەوارەی هەرێم بەردەوام لەسەر خەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەل بەغدا ، بۆ ئەم مەبەستەش زۆرترین هەنگاوی بە ئاراستەی ڕێکەوتنی جدی ئەنجام داوە بەڵام عەقڵیەتی حکومەتی ئێستای بەغدا بەجۆرێکە کە کار بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی تەواو دەکات بۆ ناوەند بۆ ئەوەی هەموو بڕیار و یاسا و گۆڕانکاریەکان ، بەغدا خۆی بەرپرسی یەکەم بێت و بەهیچ شێوەیەک نەگەڕێتەوە بۆ گوێگرتن لە هەرێم و هێزەکانی تری سوننە کە ئەوانیش لە کێشەی بەردەوام دان ، ئەم سیاسەتەی بەغدا لەم قۆناغە بەردەوام نابێت یاخود سەرکەوتوو نابێت، چونکە هەم گەلی کورد هەم هێزی سیاسی کوردی بە ئاگان و قبووڵی هەموو ئەم پێشێلکاریە ناکەن هیچ هێزێکی کوردیش لەگەڵ ئەوە نیە بەغدا حاکمی یەکەم بێت لە ناوخۆی عێراق.
لەم کاتەشدا کە عێراق لەبەردەم یەکخستنەوەی ناوخۆی دایە و چاوەکانی دەرەوە لەسەر عێراقن دەبێت حکومەتی عێراق زۆر ئاقڵانە تر هەنگاو بنێ بۆ چارەسەری پرسە ناوخۆییەکان ، جیهانی ئێستا هێشتا دوو دڵە لە سەرکەوتنی عێراق لە هەمبەر تەداخولی ئیقلیمی و چارەسەری کێشەکان ، بۆیە زۆر کات جیهانی دەرەوە وەکو ناوبژیوانێک چاودێری دۆخی عێراق دەکەن و دەرفەتیان بە عێراق داوە تاکو بتوانێ چارەسەری کێشە نێوخۆییەکانی بکات لەسەر بنەمای بەیەکەوە ژیان و پاراستنی مافی هەمووان .

