zagros news agency

ڕێبازى کوردایەتى و سەربڵندى و کۆڵنەدان لە پێناو دۆز و ئامانجێکى رەوا ..

 

رێبوار حەمەلاو شوانى

بە هەڵوەستەکردن و سەرنجدانى لاپەرەکانى مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى کوردوکوردستان ، هەموو هەنگاوێکى ئاماژە و دەرخەرى ئەو راستییە، کە بارزان وڕێبازى بارزانى ، خەباتێکى خۆ ڕسکانە و خۆبەخشانە بوو لە پێناو رزگارکردنى دۆزى رەواى نەتەوەیەک ئەویش نەک تەنها لە ناوچەیەک یان بەشێک بەڵکو بە کردووە ڕووبەڕووى چوار وڵاتى داگیرکەر ، ڕەشماڵێک کەتێدا خەباتى نەتەوەیی کوردستان لە سەر بنەماى کوردایەتى و کۆڵنەدان و پارێزگاریکردن لە شوناسى نەتەوەیی خەبات و بەرخودانى کردووە و درێژەى هەیە

لە ژینگەى سیاسى کوردستاندا ، پرسى شوناسى پرسێکى نەتەوەییە ، خاک و جوگرافیا  دۆز و پرسێک ستراتیژى و هێڵى سوور  بووە کە تێیدا بارزانى  ورێبازى بارزانى بەڕۆحێکى ئازادیخوازى و کۆڵنەدانەوە ڕابەرایەتی کردووە بە ئێستاشەوە ،ڕێبازێکى  کوردانە لەسەر بنەمایەک کە داواى ماف و ئازادى و سەربەخۆیی نەک تەنها بۆ گەلى کورد ، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان کردووە ، ئەو هەڵوێستەش رۆژ بەرۆژ  زیاتر گەشەى سەندووە و بووەتە شێوازى جوانى پێکەوەژیان و حکوومڕانیی

ئەم ڕێباز و قوتابخانە ، ڕیشەیەکى قووڵى هەیە و بناغەیەکى پتەویی لە خواپەرستى و مرۆڤدۆستى و کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى لە سەر دەستى شێخ عەبدولسەلام بارزانى  بۆ دانراوە و دواتر وەک وەرچەرخانێکى هۆشیاریی سیاسى و رۆشنیرى ڕەنگدانەوەى زۆرى لە سەر ئاستى کوردستان و هەموو ناوچەکەداوەتەوە ، چونکە ڕێبازى بارزانى , رێبازى دادپەوەرى و مرۆڤدۆستى و ژینگە دۆستى و پێکەوەژیان ژیانى هەموو ئایین و ئایینزاکان و لاپەرەکانى مێژووى پەیوەندنییەکانى لەگەڵ سەرکردە ئایینى و نەتەوە جیاوازەکان دەرخەرى ئەو راستییەن کە چۆن بارزانى و رێبازى بارزانى توانیوێتى لەنێو ناوچەیەکى پڕ گرژى و ئاڵۆزییدا ، رۆحى یەکتر قبووڵکردن و بەیەکەوە ژیانى ئایین و نەتەوەکان بچەسپێنێت ؛ هەروەها ڕێبازى بارزانى ، پشت بە پشت و قۆناغ بە قۆناغ ڕۆڵێکى گرنگ و بەرچاوى لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و نەهێشتى چینایەتى و جیاوازییەکان بەتایبەت جیاکارى لە نێوان ئافرەت و پیاوان ئەوەش لەسەر دەستى شێخ ئەحمەدى بارزانى ، وایکردووە کە رۆحى لێبوەردەى زاڵ بێت بەسەر هەموو بیرێکى توندرۆیی و فاشیزمى کە داگیرکەران لە ناوچەکەدا هەوڵى سرێنەوەى شوناسى کوردو و   پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکانى دیکەیان دەدا

ئەم ڕێبازە و بەرنامە و ستراتیژە کۆمەڵایەتییە تەنها لەناوچەیەکى دیاریکراو نەبوو، بەڵکو لە سەرهەڵدان و بەرفراوانبوونى شۆڕش و بەرخودان کاریگەرییەکى گەورە و زۆرى لە سەر کۆمەڵگە و چارەسەرى زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچەکەدا دروستکرد ؛ خەبات و شۆڕشەکانى بارزان تا دەگاتە شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان ، هەرگیز لە سەر بنەماى ڕق و تۆڵەسەندنەوە و ڕەگەزپەرستى نەبوو بەڵکو لەسەر بنەماى گەڕانەوەى ماف و ئازادى و دژایەتى فاشیزم ودیکتاتۆرەکان کە بەڕێگەى ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکارى هەوڵى سڕینەوە و ڕیشەکێشکردنى دۆزى رەواى نەتەوەیەکیان دەدا ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز ئەم ڕێباز و قوتابخانەیە دەستى بۆ تیرۆر و کۆمەڵکوژى و ڕەگەزپەرستى نەبرد

رێبازێک ئەمڕۆ وەک میراتێکى گرانبەها لەسەر دەستى دەستى سەرۆک مسعود بارزانى  درێژەى هەیە و کوردستانى کردۆتە نموویەکى جوان لە ئاشتیخوازى و پێکەوەژیان و هەروەها دۆزى کوردیش لە سایەى ئەم ڕێباز و قوتابخانەیەوە هەڵگرى شوناسێکى پڕ شانازى و نەتەوەیی و  نیشتیمانییە ، هەرێمى کوردستان هەڵگرى پەیامێکى پیرۆز و میراتێکى گرانبەهایە کە سەر دەستى سەرۆک بارزانى وایکردووە کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین وئایینزاکان وەک نیشتیمانى خۆیان و هاوبەش بن لە  پرۆسەى  سیاسى و حکوومڕانیدا ، ئەوەش ئەو دادپەوەرى و یەکسانییە کە لە ڕێبازى بارزانەوە سەرچاوەى گرتووە ، ئەم ڕێباز و میرات و قوتابخانە پڕشانازییە بووەتە شوناسێکى پڕ شانازى کوردستان لەڕووى کوردایەتى و کۆڵنەدان و پێکەوەژیانى هەمووان ، ڕێباز و ناوێک کە هێماى خەبات و وەفاداریی و بەرگرى کردن لە خاک و شکۆى نەتەوەیە ، مێژووییەک بە خوێن پارێزراوە و مێژووی باوەر بوونە بە کوردستان ، هەر ئەوەشە ئەم ڕێباز و قوتابخانەیە  هەمیشە لە نێو دڵ و هەستى هەمووان بە زیندوێتى دەمێنێتەوە

هەواڵی پەیوەندیدار

كوردستانی خۆڕاگر به‌رامبه‌ر عێراقێكی فاشیزمی میلیشیایی سه‌رده‌كه‌وێ

سەڵاح

ماڵپەڕی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات

hakar herki

لە ساڵیادی پەڕینەوەی ڕابەری کورد مستەفا بارزانی لە ئاوی ئاراس

یاسین