ڕۆژنامەی “واڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، حووسییەکانی یەمەن لە میانی پەیوەندی و دانوستانەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیەدا، مەرجی قورسیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ داناوە و داوای وەرگرتنی ٥١ ملیار دۆلار وەک قەرەبوو و دانپێدانانی فەرمی بە حکوومەتەکەیاندا کردووە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان کە قسەیان بۆ ڕۆژنامەکە کردووە، حووسییەکان ئەم بڕە پارەیەیان وەک قەرەبووی زیانەکانی چەندین ساڵەی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتیی سعوودیە و گەمارۆدانی یەمەن داوا کردووە. هەرچەندە لە کۆبوونەوەکانی دواتردا باس لە ژمارە و بڕی دیکەی پارەش کراوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن تێچووی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان هەردوولادا، دەگاتە دەیان ملیار دۆلار.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سعوودیە ئێستا لەبەردەم بژاردەی زۆر قورسدایە، بەتایبەت دوای ئەوەی حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە چڕکردەوە و لە ناوخۆی یەمەنیشدا بەرەو بەندەری ستراتیژیی عەدەن پێشڕەوییان کرد.
سەبارەت بە هەڵوێستی ڕیاز، بەرپرسانی سعوودیە ڕایانگەیاندووە کە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە نایەوێت بەبێ بەدەستهێنانی هیچ دەستکەوتێکی سەربازی لەسەر زەوی، بچێتە ناو دانوستانێکی گشتگیرەوە لەگەڵ حووسییەکان. هاوکات نیگەرانیی ئەوەشی هەیە کە ناردنی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ یەمەن، ببێتە هۆی زیانی گیانیی قورس و ناڕەزایەتیی لەناوخۆی سعوودیە لێ بکەوێتەوە.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، تا ئێستا نە حکوومەتی سعوودیە و نە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حووسییەکان، ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ڕاپۆرتەکەی واڵ ستریت جۆرناڵ بدەن.

