وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەرکێک بۆ یارمەتیدان لە کراوەهێشتنەوەی گەرووی هورمز، فڕۆکەی گەڕۆکی دەریایی و تیمێکی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی و ماددە تەقێنەرەکان دەنێرێتە ئاوەکانی نزیک ئەم گەرووە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە کۆریای باشوور هێشتا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هێزێک بۆ دەستوەردانی سەربازی لە جەنگی ئێراندا نانێرێت. بەڵام ئەم وڵاتە گوتوویەتی کە بە دوای پاراستنی گواستنەوەی بازرگانی و دابینکردنی وزە لە ڕێگەی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهانەوەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور ڕۆژی پێنجشەممە پشتڕاستی کردەوە کە حکوومەتی ئەم وڵاتە نیازی هەیە سنووری ئۆپەراسیۆنی یەکەی دەریایی بەرەنگاربوونەوەی دزیی دەریایی خۆی ناسراو بە “چۆنگهێ” فراوان بکات. ئەم یەکەیە ئەرکی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی لە کەنداوی عەدەن، لە نزیک کەناراوەکانی سۆماڵ، لە ئەستۆدایە و بڕیارە چالاکییەکانی بۆ ئاوەکانی نزیک گەرووی هورمز فراوان بکات.
ئاژانسی هەواڵی کۆریای باشوور، یۆنهاپ، ڕاپۆرتی دا کە ئەم ئەرکە ناردنی کەشتییەکی وێرانکەر، فڕۆکەیەکی گەڕۆکی دەریایی پی-٨، تیمێک لە کەشتیی بێفڕۆکەوان، ژێردەریایی بێفڕۆکەوان و کەشتیی کۆنترۆڵکراو لە دوورەوە بۆ گەڕان بە ژێر ئاودا لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی یۆنهاپ، درێژکردنەوەی ئەرکی یەکەی “چۆنگهێ” کە لە ئێستادا مۆڵەتی چالاکییەکەی تا کۆتایی ئەم ساڵی زایینی دەرچووە، پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمان هەیە.
لی جه میۆنگ، سەرۆککۆماری کۆریای باشوور لە مانگی ئەیلوولدا جارێکی تر جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هێزە سەربازییەکانی بە شێوەیەک نانێرێت کە ببێتە هۆی دەستوەردانی سەربازی.
ئەو گوتی: “ئێمە تا ئێستا پابەندی بنەمای بەشدارینەکردن و دەستوەرنەدان لە جەنگدا بووین و لە داهاتووشدا پابەندی ئەم بنەمایە دەبین.”
دوای ئەوەی سیئۆل ڕایگەیاند کە لە حاڵی تاوتوێکردنی بەشداریکردنە لە دابینکردنی ئاسایشی ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا، تاران هۆشداریی دایە کۆریای باشوور سەبارەت بە هەر ناردنێکی هێز لەم بوارەدا.

