توێژینەوەیەکی نوێ و داتاکانی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی دەریدەخەن؛ مەترسیی تووشبوون بە وەستانی لەناکاوی دڵ لەو کەسانەی بەرهەمە هەڵگرەکانی کافایین و هاندەرەکان بەکاردەهێنن، 11 هێندە زیاترە بەراورد بەو بەرهەمانەی ئەو پێکهاتانەی تێدا نییە. هەروەها ئەم بەرهەمانە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ 4.5 هێندە زیاد دەکەن، لەگەڵ دروستکردنی ئازاری توندی سنگ و تێکچوونی لێدانی دڵ.
خاڵە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە:
• مەترسی لەسەر گەنجان: ئەو گەنجانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 34 ساڵیدایە، نزیکەی نیوەی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی پەیوەست بە کێشەکانی دڵیان پێکهێناوە کە بەهۆی ئەم بەرهەمانەوە دروستبوون، لە کاتێکدا ئەم تەمەنە بەزۆری لە مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵدا پۆلێن نەکراون.
• رێژەی بەرزی کافایین: هەندێک لە خواردنەوە وزەبەخشەکان سێ هێندە و هەندێک تەواوکەری پێش وەرزشکردن تاوەکو 12 هێندەی قاوەی ئاسایی کافایینیان تێدایە.
• گەشەی بازاڕ: فرۆشی خواردنەوە وزەبەخشەکان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی زیاتر لە 200% زیادی کردووە و وەک بەرهەمێکی ئاسایی ڕۆژانە نمايش دەکرێن، ئەمەش وا لە بەکاربەران دەکات بێئاگایانە سنووری پێشنیارکراوی کافایین تێپەڕێنن.
لە کۆتاییدا، توێژەران و پزیشکان هۆشداری دەدەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەکاربەران دەبێت ئاگاداری ئەو مەترسییانە بن، هەرچەندە ئەنجامەکان پشت بە ڕاپۆرتی بەکاربەران دەبەستن و بۆ دڵنیایی زیاتر پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵتر هەیە.

