zagros news agency

شەش تابلۆی دزراوی پیکاسۆ دەستیان بەسەردا گیرا

دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی شەش تابلۆی شێوەکاری جیهانی بابلو پیکاسۆ، دوای ئەوەی لە ژێر کۆمەڵێک جلوبەرگ و سندوقی ئامێردا لە ئاپارتمانێک لە ناوچەی ڕیڤیێرای فەڕەنسی دۆزرانەوە.

 

ماڵپەڕی “artnews” بڵاوی کردووەتەوە، ئەم کردەیە دوای نزیکەی مانگێک لە دزینی بەرهەمە هونەرییەکان لەسەر دیوارەکانی ڕێستورانتی ناوداری “L’Amandier” لە گوندی موجان هات، کە ئەو گوندەیە پیکاسۆ ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی تێدا بەسەر برد تا کۆچی دوایی لە 1973.

 

وردەکاریی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 1ی تشرینی یەکەم، کاتێک دوو پیاوی دەمامکدار کە دەستکێشیان لەدەستدا بوو لە کاتژمێر 2ی بەرەبەیاندا دزەیان کردە ناو ڕێستورانتەکە و توانینیان لە کەمتر لە 1 خولەکدا تابلۆکان ببەن و ڕابکەن. دوای ئاشکراکردنی نەمانیان لەلایەن خاوەنی ڕێستورانتەکەوە لە بەیانیدا، پۆلیسی شارۆچکەی کانی دراوسێ لێکۆڵینەوە چڕەکانی دەست پێکرد، تاوەکو هەوڵەکان لە 3ی تشرینی دووەمدا بە هەڵکوتانە سەر دوو ئاپارتمان لەلایەن 40 ئەندامی هێزەکانی پۆلیسەوە، بووە هۆی گەڕاندنەوەی تابلۆکان و دەستگیرکردنی 7 حەوت گەنج لە تەمەنی نێوان 18 بۆ 30 ساڵدا، لە نێوانیاندا سێ ئەنجامدەر و چوار هاوکار.

 

سەرەڕای ئەوەی بەهای بازاڕی شەش تابلۆکە تەنیا بە نزیکەی 112 ھەزار دۆلاری ئەمریکی دەمەزرێت، کە بڕێکی کەمە بە بەراورد بە نرخەکانی تابلۆ گەورەکانی پیکاسۆ، ڕائید گیوم بلایدی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، جووڵەی خێرا پێویست بوو بۆ ڕێگریکردن لە دەستچوونی ئەم بەرهەمانە یان قاچاخکردنیان بۆ دەرەوەی بازاڕی هونەر.

 

بلایدی ئاماژەی بەوەش کرد، تێوەگلاوانی دزییەکە لە پاشخانی تاوانکاری پەیوەندیدار بە دەرمانە هۆشبەرەکان و چەکەوە هاتوون و تەنیا زانیارییان لە بواری هونەردا نەبوو، ئەمەش فرۆشتن و ساغکردنەوەی ئەم پارچە هونەرییانەی بۆیان زۆر ئەستەم کردبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

پێشبینییەکانی بۆ فێستیڤاڵی کان 2026 و پڕۆژەی نوێی ھالی بێری

ART

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٠٠ فەلەستینی لە غەززە کوژران

یاسین

کۆمیسیۆن 53 کاندید دووردەخاتەوه و 27 کاندیدیش دەگەڕێنێتەوە

یاسین