پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دوو دەیە بەسەربڵاوبوونەوەی یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی، هونەرمەندی ئەمریکی جاستن تیمبرلیک، بە فەرمی کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە بۆ ماوەیەکی درێژ دەوترا گوایە گۆرانییەکە لە پەیوەندییە خۆشەویستییە کۆنەکەی لەگەڵ بريتنی سپێرز ـەوە سەرچاوەی گرتووە.
لە دەرکەوتنێکی نوێیدا لە زنجیرەی “Re-Rank” لە کەناڵی “Complex” لە یوتیوب، تیمبرلیک ئاشکرای کرد، ئەو گۆرانییەی لە ٢٠٠٦ لە ناو ئەلبومی “FutureSex/LoveSounds” دا بڵاوی کردەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی تایبەتی خۆیەوە نەبووە.
تیمبرلیک ڕوونی کردەو، چیرۆکی گۆرانییەکەی لە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی وەرگرتووە، پاش ئەوەی لە خۆشەویستەکەی جیابووەوە.
گوتیشی: “دوای بیستنی وردەکاریی جیابوونەوەکەی هاوڕێكەم، مۆڵەتم لێی وەرگرت بۆ ئەوەی بیکەمە بەرهەمێکی هونەری و تەنیا لە ماوەی 20 خولەکدا هۆنراوەکەیم ئامادە کرد”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کارە بە یەکێک لە باشترین و دیارترین دوو بەرهەمی هونەریی ژیانی دادەنێت، بەتایبەت بەهۆی ئەو ڤیدیۆ کلیپە درێژەی کە ماوەکەی دەگەیشتە نزیکەی 10 خولەک.
پێشتر هەواداران و میدیاکار هەمیشە ئەم گۆرانییەیان بە بەردەوامیی پەیوەندییە کۆنەکەی تیمبرلیک و بریتنی سپێرز دەبەستەوە، هەرچەندە گۆرانییەکە چوار ساڵ پاش جیابوونەوەی فەرمی ئەو دوو هونەرمەندە بڵاوکرابووەوە؛ هۆکاری سەرەکی ئەم گومانانەش بۆ سەرکەوتنی گۆرانی پێشووی تیمبرلیک “Cry Me a River” لە ٢٠٠٢ دەگەڕایەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکەیان.

