پارێزگاری هەولێر ئاشکرای دەکات کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕی بەنزینی حکوومی پاڵپشتیکراو و ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی دابەشی دەکەن لە سنووری پارێزگاکە زیاد دەکرێن، بەمەش ئاسانکاریی زیاتر بۆ شۆفێران دەکرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆنترۆڵکردنی نرخ لە بازاڕدا دەبێت.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی “زاگرۆس”، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە سەرەڕای کەمبوونەوەی نۆرەگرتن، کوالێتی بەنزینە 750 دینارییەکەی حکوومەت باشە و ئۆکتانەکەی لە نێوان 90 بۆ 91 پلەدایە، بە جۆرێک شۆفێران هیچ گلەییەکیان لێی نییە و بەردەستبوونی ئەم بڕەش وایکردووە نرخی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکاندا دابەزێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (11ی تشرینی دووەمی 2026)، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین لە کاتژمێر 6:00ی بەیانییەوە لە ڕێگەی 37 بەنزینخانەوە دەستی پێکردووە و بڕی ملیۆنێک و 300 هەزار لیتر تەرخان کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو ڕۆژانە ملیۆنێک و 600 هەزار لیتر بەسەر 45 بەنزینخانەدا دابەش دەکرا.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژانە لە هەر وێستگەیەک 950 بۆ 1,000 ئۆتۆمبێل سووتەمەنی وەردەگرن، و ئەو بڕەی لە خەزانەکاندا دەمێنێتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتژمێر 6:00ی بەیانییەوە تا کاتی تەواوبوونی، بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت.

