لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی (دڵشاد ڕەشید مەلا) ڕەخنەی تووندی ئاراستەی نزار ئامێدی کرد و ڕایگەیاند، کە ناوبراو لە دەرەوەی بنەماکانی تەوافوقی لایەنە کوردییەکان و بە شێوەیەکی سەپێنراو پۆستی سەرۆککۆماری قۆستووەتەوە؛ بە جۆرێک کە لەدوای پڕۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، کە پڕۆسەیەکی یاسایی و دەستووری بووە، کەوتووەتە گەڕ و جموجۆڵ و سەردانیکردنی لایەنە عێراقییەکان بە مەبەستی کارکردن بۆ دروستکردنی هەرێمی تر و پارچەپارچەکردنی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد ڕەشید مەلا ئاماژەی بەوە دا، کە ئەو جۆرە کارانەی ناوبراو تەواو پێچەوانەی دەستوورن و بە حیساب نوێنەرایەتیی کورد دەکات، کەچی بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی یەکێتییە. بۆیە جەختیشی کردەوە کە پێویستە لە تەلەفزیۆن و میدیاکاندا هەڵمەتێکی ڕێکخستوو بە زمانێکی بەرز، یاسایی و سیاسی، لە چوارچێوەی وەرگرتنی ڕای شارەزایان، یاساناسان، نووسین، مێزگرد و ڕیپۆرتاژی تایبەت ڕێک بخرێت بۆ ئەوەی ڕای گشتی لەو هەوڵە نابەجێیەی ناوبراو ئاگادار بکرێتەوە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە؛ سەرۆککۆمار و هەموو ئەوانەی وەک پشکی کورد لە بەغدا کار دەکەن، پێویستە وەک پاسەوانی دەستوور کار بکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و یەکپارچەییەکەی، نەک ئەوەی پۆستە سیادییەکان بۆ ململانێ و بەرژەوەندییە حزبییەکان بەکار بهێنن. بەپێی ماددەی 117ی دەستووری عێراقی، کە دانی بە هەرێم و دەسەڵات و دامەزراوەکانی ناوە، سەرۆککۆمار پابەندە بە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمەوە و دەبێت لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ نەهێشتنی بوەستێتەوە، نەک ئەوەی هاوکاری پارچەبوونی بکات و ڕێگە بە درزبردنە جەستەی دەستووریی هەرێم بدات.
دڵشاد ڕەشید مەلا هێزیشی بۆ ئەوە خستە ڕوو، کە بەپێی ماددەکانی 67 و 73ی دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار وەک “پارێزەری دەستوور” و ڕەمزی یەکێتیی نیشتمان پێناسە کراوە و دەبێت ناوبژیوانێکی بێلایەن بێت، کەچی بە ڕەفتارەکانی بووەتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی هەرێم و قووڵکردنەوەی لێکترازانی سیاسی. بەکارهێنانی کارت و پەیوەندییە سیادییەکانی بەغدا بۆ سەپاندنی فشاری حزبی یان پشتیوانیکردن لە باڵێکی سیاسی لە دژی باڵێکی تر، لەگەڵ فەلسەفەی پۆستەکەدا یەک ناگرێتەوە و متمانەی وەک سەرۆکی هەموو عێراقییەکان لەکەدار دەکات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دڵشاد ڕەشید مەلا دووپاتی کردەوە کە سەرۆککۆمار نوێنەرایەتیی کورد دەکات و هەر جۆرە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هەرێم و لەتکردنی، بە ناپاکی دەبینرێت لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان. بە گشتی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار ئێستا بۆ سەپاندنی ئەجێندای ناوخۆیی یەکێتی و بەهێزکردنی پێگەی حزبەکە لەسەر حیسابی حکوومەتی هەرێم بەکاردەهێنرێت؛ هەروەها هاوکاریکردن یان ئاسانکاریکردن بۆ مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاکان لەگەڵ بەغدا، هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی جەستەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان، چونکە ناوبراو لەبری ئەوەی ببێتە بەرگریکارێکی سەرسەختی قەوارەی هەرێم، بووەتە ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم.

