بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شنگال
کوردانی ئێزدیی سەربەرز…
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان…
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆرستانی داعش دڕندانەترین هێرشیان کردە سەر شنگال و خوشک و برا ئێزدیەکانمانیان جینۆساید کرد؛ بە کوشتنی بەکۆمەڵ، ڕفاندن و بەکۆیلەکردنی ژنان و منداڵان و وێرانکردنی پیرۆزییەکانیان، وویستیان بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد لەناو ببەن.
گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو برینەیان بە برینی هەموو کوردستان زانی، هەربۆیەشە پاش ساڵێک بەرخۆدان و قوربانیدان و بەدیاری کراوی لە ١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥دا ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرەکانی جەنگدا، شنگاڵ و چیای شەنگاڵی ئازیزیان بە خوێنی ئاڵی (٥٠٠) شەهید و (٣٠٠٠) برینداری پێشمەرگە لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار كرد و ئەو بەڵێنەیان بردە سەر کە شنگال بە دیلی نامێنێتەوە.
ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان شانازی بەو پێشمەرگە قارەمانانەوە دەکەین کە بە خوێنی خۆیان، شانبەشانی برا ئێزدییەکانیان، ئەم لاپەڕە زێڕینەیان لە مێژووی کوردستاندا نووسیەوە. بۆیە داکۆکی کردن لە دۆزی خوشک و برا ئێزدیەکانمان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین، و بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ناساندنی جینۆساید کردنیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هاوکات، هەر هەوڵێک ڕەت دەکەینەوە کە بیەوێت شنگال بکاتە کارتێکی ململانێ سیاسیەکان، یان کوردانی ئێزدی لە ڕەگ و ڕیشە و شوناسی کوردستانییان داببڕێت.
جێی ئاماژەیە کە یازدە ساڵ دوای ڕزگارکردنی شنگال، هێشتا ڕێککەوتنامەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی دۆخی شەنگاڵەوە جێبەجێ نەکراوە. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و ڕێککەوتنامەی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکات؛ ئەمەش بە دەرکردنی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لەناوچەکەیان و خولقاندنی کەشێکی ئارام و ئاسایشی وەها تا دانیشتوانەکەی بتوانن خۆیان بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و سەربەرزانە بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی پێوویستە ناوچەکەیان ئاوەدان بکرێتەوە و قەرەبووی دادپەروەرانەی قوربانیانیان بکرێتەوە.
لەکۆتاییدا سەری ڕێز بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێشمەرگە قارەمانەکانمان
دادەنەوێنین.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
١٣ـ١١ـ٢٠٢٦

