ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بەبۆنەی ساڵیادی ئازادکردنەوەی قەزای شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو داستانەی بە سەرکەوتنی ئیرادەی هێزی پێشمەرگە و وەرچەرخانێکی ستراتیژیی سەربازی و مرۆیی وەسف کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو داستانە مێژووییەدا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان توانییان کۆتایی بە یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی مێژووی ناوچەکە بهێنن و شکۆ و ئازادی بۆ خەڵکی خۆڕاگری شنگال بگەڕێننەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی ئازادکردنی شنگال لە ساڵی ٢٠١٥ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا بەڕێوەچوو. هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا پێشمەرگە توانی هێڵی سەرەکیی گەیاندنی هاوکارییەکانی تیرۆریستان لە نێوان عێراق و سووریا بپچڕێنێت، بگاتە چیای شنگال و ڕێگای سەرەکیی شنگال – کوردستان بکاتەوە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی پێشمەرگە توانییان ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن و ئەم سەرکەوتنەش بەرهەمی یەکڕیزی، پلاندانانی وردی سەربازی و ئازایەتیی بێوێنەی پێشمەرگە بووە کە بووە جێی سەرسامی و ستایشی هەموو جیهان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی داستانی ئازادکردنی شنگال دانەواندراوەتەوە و سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان نێردراوە.

