zagros news agency

دەستکەوتێکی مێژوویی؛ بۆ یەکەمجار نوێنەرێکی ژنانی کورد هەڵدەبژێردرێت بۆ دەستەی ڕێبەریی گەورەترین ڕێکخراوی ژنان لە فینلەند

 

لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا بۆ ژنانی کورد لە دیاسپۆرا، فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و نوێنەرەکەی توانی بڕواتە ناو دەستەی ڕێبەریی یەکێتیی ناوەندیی ڕێکخراوەکانی ژنانی فینلەند (Naisjärjestۆjen Keskusliitto)، کە بە گەورەترین و کۆنترین ڕێکخراوی چەتری ژنان لە سەرتاسەری وڵاتانی باکووری ئەوروپادا دادەنرێت.

 

لەم چوارچێوەیەدا، لە شاری هێلسینکیی پایتەختی فینلەند، کۆنگرەی ساڵانە و ئاهەنگی ١١٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییەکە بەڕێوەچوو. شاندێکی فەرمیی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە سەرۆکایەتیی خاتوو شیرین زەکی (سەرۆکی فیدراسیۆن)، بە یاوەریی خاتوو میدیا (بەرپرسی کۆمیتەی فینلەند) و خاتوو غەزالە گیرای ئۆنگۆرۆر، بە مافی دەنگدانی فەرمییەوە بەشدارییان لە کارەکانی کۆنگرەکەدا کرد.

 

لە میانی دەنگدانەکەدا کە لە نێوان ٧٣ ڕێکخراو و فیدراسیۆنی بەشداربوودا بەڕێوەچوو، خاتوو غەزالە گیرای ئۆنگۆرۆر (Gazale Giray-Öngörür) بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامان وەک ئەندامی دەستەی ڕێبەریی یەکێتییەکە بۆ خولی سێ ساڵەی (٢٠٢٧ تا ٢٠٢٩) هەڵبژێردرا. ئەمەش یەکەمین جارە لە تەمەنی ١١٥ ساڵەی ئەو دامەزراوە باڵایەی فینلەنددا—کە زیاتر لە سەدەیەکە تێدەکۆشێت بۆ چەسپاندنی یەکسانی و داكۆكی لە مافەکانی ژنان—نوێنەری ڕێکخراوێکی کورد بباتە دەستەی ڕێبەری و ناوەندی بڕیاردانی.

 

هەر لە ڕەوتی کۆنگرەکەدا، خاتوو ڕیتڤا ڤیلیانێن (Ritva Viljanen) وەک سەرۆکی نوێی یەکێتییەکە دیاری کرا. لە پاڵ خاتوو غەزالەشدا، هەریەک لە (مێرڤی مێکی نێستە لە ڕێکخراوی Maa- ja kotitalousnaiset، ئێلینا پۆکی لە ڕێکخراوی Kuurojen Liitto ry، و سالا ڕۆنی پۆرانێن لە ڕێکخراوی Soroptimist International Finland ry) بوونە ئەندامی نوێی دەستەی ڕێبەری، کە بڕیارە تەواوی دەستە نوێکە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ـەوە دەستبەکارەکانیان ببن.

لای خۆشییەوە، فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خاتوو غەزالە، سەرۆکی نوێ و ئەندامانی دەستەی ڕێبەری کرد و سوپاسی متمانەی ڕێکخراوە بەشداربووەکانی کرد. فیدراسیۆنەکە ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی جەوهەرییە بۆ تەواوی ژنانی کورد لە فینلەند و دیاسپۆرا، و زەمینەسازییەکی بەهێز دەبێت تا لێره بەدواداو دەنگی ژنی کورد لە ناوەندە باڵا و بڕیار بەدەستەکانی ئەوروپادا بە کارامەیی و بەهێزییەوە ڕەنگ بداتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە پاکستان دادوەرێک ڕفێندرا

سەڵاح

بوومەلەرزەیەکی به‌هێز بە گوڕی ٧،٤ پلە تایوانی هەژاند و قوربانی لێكه‌وته‌وه‌

سەڵاح

پەیاما پیرۆزباهیا سەرۆک بارزانی بۆ جەژنا جەمایێ یا خوشک و برایێن ئێزدی

سەڵاح