یەکلاییکردنەوەی ناوی بەربژێرانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەکاندا.
زیرەک زێباری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ زاگرۆس ڕایگەیاند کە بەرپرسیارێتیی یەکلاکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان لە ئەستۆی سەرۆکوەزیراندایە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان کۆببێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر بەربژێرەکان بگەنە ڕێککەوتن، و دواتریش ناوەکان ئاراستەی پەرلەمان بکرێن تا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا دەنگیان لەسەر بدرێت و متمانەیان پێ ببەخشرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختیشی کردەوە کە پرسی تەواوکردنی کابینەی وەزاری لەم قۆناغەدا لە دەستی پەرلەماندا نییە، بەڵکو چاوەڕوانی ڕێککەوتنی سیاسیی لایەنەکان و بڕیاری کۆتایی حکوومەت دەکرێت بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکان، تا لەو ڕێگەیەوە پەرلەمان بتوانێت متمانە بە تەواوکاریی پێکهاتەی کابینەکە بدات.

