سەرۆککۆماری کووبا دەڵێت وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی سەربازیی ئەگەریی ئەمریکا ئامادە دەبێت، جەختیش دەکاتەوە کە کووبا وڵاتێکی ئاشتیخوازە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نییە.
میگێل دیاز-کانێل، سەرۆککۆماری کووبا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی سەربازیی ئەگەریی ئەمریکا. ئەو جەختی کردەوە کە کووبا سوورە لەسەر وەدەرنانی هەر دەستدرێژییەکی سەربازیی دەرەکی، بەڵام لە هەمان کاتدا وڵاتێکی ئاشتیخوازە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نییە.
دیاز-کانێل لە میانی ڕێوڕەسمی ڕۆژی بەرگریی نەتەوەیی لە هاڤانا، ڕەخنەی لە لێدوانەکانی سیاسەتمەدارانی ئەمریکی گرت سەبارەت بە ئەگەری هەنگاوی سەربازی دژ بە کووبا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هیو هیویت، ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری ناسراوی ئەمریکی، ڕایگەیاند کە نیازی هەیە پێش کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتیی خۆی، کێشەی کووبا چارەسەر بکات و “بە دڵنیاییەوە” بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژ بەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
ترەمپ بە ئاماژەدان بەوەی کە حکوومەتی ئەمریکا بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییەکانی کووبا دەکات، دۆخی ئەو وڵاتەی بە زۆر نالەبار وەسف کرد و گوتی: “کووبا لە ڕاستیدا بووەتە وڵاتێکی شکستخواردوو.”
لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کووبا بە توندی تێکچووە. ترەمپ پێی وایە کووبا، کە لە دووری ١٥٠ کیلۆمەتری کەناراوەکانی فلۆریدادایە، “هەڕەشەیەکی نائاسایی” بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دادەنرێت. ئەو چەندین جار هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی ئەم دوورگەیەی کردووە.
کووبا لەدوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، چەندین مانۆڕی سەربازیی ئەنجام داوە. هێزە چەکدارەکانی کووبا هەروەها ڕاهێنانی سەرەتایی سەربازی بە هاووڵاتییانی مەدەنی دەدەن.
ترەمپ پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەگەری ناردنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێرانەوە بۆ کەناراوەکانی کووبای ورووژاندبوو و گوتبووی کە لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، سەرکردەکانی کووبا خۆیان ڕادەست دەکەن.

