لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ژاپۆنی پەیوەندییەکی ئەگەرخوازی لەنێوان لەدەستدانی ددان و بەرزبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە (خەڵەفان) ئاشکراکرد. توێژینەوەکە داتای 47 هەزار و 293 کەسی تەمەن 65 ساڵ و بەرەوژووری شیکردووەتەوە.
دەرەنجامەکان دەریدەخەن ژمارەی ددانە ماوەکان دەبێتە پێوەرێک بۆ تەندروستیی دەم و پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە لە بەتەمەنەکاندا هەیە. توێژەران بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی پەیوەندیی نێوان ژمارەی ددانەکان و تێکچوونی توانای ناسین، ماوەی 9 ساڵ و لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2022 چاودێریی بەشداربووانیان کردووە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری کۆمەڵەی بەڕێوەبەرە پزیشکییەکانی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە لەو کەسانەدا بەرزە کە ژمارەی ددانەکانیان کەمترە.
توێژەران پێیان وایە ژمارەی ددانە ماوەکان نیشاندەری تەندروستیی دەمە و لەدەستدانیان رەنگە ئاماژە بێت بۆ مێژوویەکی درێژی کلۆربوون و نەخۆشییەکانی پووک. لە ماوەی چاودێریکردنەکەدا 8247 بەشداربوو تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە بوون، کە دەکاتە 17.4%ـی کۆی بەشداربووان.
ئەو کەسانەی 20 ددان یان زیاتریان هەبوو، رێژەی تووشبوونیان لە ساڵێکدا 1.63 حاڵەت بووە بۆ هەر 100 کەسێک. ئەم رێژەیە بۆ ئەو کەسانەی لەنێوان 10 بۆ 19 ددانیان هەبوو بۆ 2.31 حاڵەت بەرزبووەتەوە و بۆ ئەوانەی لەنێوان یەک بۆ 9 ددانیان هەبووە گەیشتووەتە 2.97 حاڵەت. ئەو کەسانەش کە هەموو ددانەکانیان لەدەستدابوو، بەرزترین رێژەی تووشبوونیان بە نەخۆشیی بیرچوونەوە تۆمارکردووە، کە 4.34 حاڵەت بووە بۆ هەر 100 کەسێک لە ساڵێکدا.
ئەم پەیوەندییە دوای رەچاوکردنی هۆکارەکانی وەک تەمەن، رەگەز و داهات هەر بە جێگیری ماوەتەوە.
بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی 20 ددان یان زیاتریان هەیە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە بۆ ئەوانەی 10 بۆ 19 ددانیان هەیە 14% بەرزبووەتەوە. ئەم رێژەیە بۆ ئەوانەی یەک بۆ 9 ددانیان هەیە 12% بووە، بۆ ئەوانەش کە تەواوی ددانەکانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 27%.
توێژەران پێوەرێکی ئامارییان بە ناوی رێژەی بەشداربوو لە دانیشتووان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ کاریگەریی هەر هۆکارێک لەسەر تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە بکەن. رێژەی خەمڵێنراو بۆ لەدەستدانی ددان 7.2% بووە و لە پلەی سێیەمی هۆکارەکانی مەترسیی لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، دوای نیشانەکانی خەمۆکی بە رێژەی 10.5% و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی بە رێژەی 9.4%.
کاتێک دەرەنجامەکان بەپێی رەگەز شیکار کراون، لەدەستدانی ددان لەنێو پیاواندا بە رێژەی 12% لە پلەی یەکەمی هۆکارەکاندا بووە، بەرامبەر 6.1% لەنێو ژناندا.
توێژەران چەند روونکردنەوەیەکی ئەگەرخوازیان بۆ پەیوەندیی نێوان لەدەستدانی ددان و تەندروستیی مێشک خستووەتە روو. یەکەم، لەدەستدانی ددان توانای جوین لاواز دەکات و کاریگەری لەسەر کوالێتیی خۆراک دەبێت کە پەیوەستە بە تێکچوونی توانای ناسین. دووەم، پەیوەندیی نێوان لەدەستدانی ددان و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتییە کە خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە. سێیەم، ئاماژە بە ئەگەری بەشداربوونی هەوکردنە درێژخایەنەکانی دەم دەکات لە دروستبوونی هەوکردنێک کە کاریگەری لەسەر بەشەکانی دیکەی جەستە دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، لێکۆڵینەوەکە نایسەلمێنێت لەدەستدانی ددان راستەوخۆ دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە، یان پاراستنیان رێگری لە تووشبوون دەکات، چونکە تەنیا پەیوەندییەکی ئاماریی دەردەخات. توێژەران جەختیان کردەوە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی پەیوەندییەکە و دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا باشترکردنی تەندروستیی دەم دەتوانێت رۆڵی لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی بیرچوونەوە هەبێت.

