zagros news agency

شامی بۆ ماوەیەکی نادیار دووردەکەوێتەوە

گۆرانیبێژی لاوی سووری “شامی، بڕیاری دوورکەوتنەوەی لە گۆڕەپانی هونەری بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ کێشەی تەندروستی و هەندێک پرسی تایبەتی گەڕاندەوە کە نایەوێت ئاشکرایان بکات.

شامی لە ڕێگەی زنجیرەیەک پەیامەوە کە لە “ستۆری”ی هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوی کردوونەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، بە باشی دەزانێت پێشوەختە هەوادارانی لەم بڕیارە ئاگادار بکاتەوە تاوەکو بە شێوەیەکی لەناکاو ون نەبێت.

هاوکات مژدەی ئەوەشی پێ دان، مانگی داهاتوو سەرجەم شەش گۆرانییە تەواونەکراوەکەی ئەلبوومە نوێیەکەی بەیەکەوە و بە یەک پاکێج بڵاو دەکاتەوە.

ئەو هونەرمەندە لە یەکەم پەیامیدا نووسیویەتی: “لەبەرئەوەی نامەوێت لەناکاو دیار نەمێنم، کەمترین ئەرکم ئەوەیە بۆتانی ڕوون بکەمەوە؛ مانگی داهاتوو تەواوی ئەلبوومەکە بڵاو دەبێتەوە کە شەش گۆرانییە بەیەکەوە، هیوادارم وەک گۆرانییەکانی پێشوو بە دڵتان بن”.

سەبارەت بە هۆکار و ماوەی دوورکەوتنەوەکەی، شامی ڕوونی کردەوە، ناتوانێت ماوەی پشووەکەی دیاری بکات، بەڵام هیواخوازە زۆر درێژە نەکێشێت و دەڵێت: “دوایین ئاهەنگمان بەیەکەوە لە بەیرووت دەبێت. ناچارم بۆ ماوەیەک لە هونەر دوور بکەومەوە کە ناتوانم دیاری بکەم، بەڵام بە پەنا خودا زۆر نابێت. ئەمەش بەهۆی هۆکاری تەندروستی و چەند هۆکارێکی دیکەوە کە حەز ناکەم باسیان بکەم”.

شامی باسی لەوەش کردووە، هەردوو ئاهەنگەکەی لە کوەیت و بەیرووت دەبنە دوایین وێستگەی بەیەکگەیشتنی لەگەڵ جەماوەرەکەی پێش دەستپێکردنی پشووەکەی و سوپاسی پاڵپشتییەکانیانی کرد لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا.

لە کۆتایی پەیامەکانیدا، شامی ماڵئاوایی کاتی لە هەوادارانی کرد و گوتی: “لە ئاهەنگەکانی کوەیت و بەیرووت ماڵئاوایی کاتیتان لێ دەکەم و بەیەکەوە گۆرانی دەڵێین. لەبیرتان بێت زۆرم خۆشدەوێن و سوپاسگوزارم بۆ هەموو ئەو سەرکەوتنانەی لەم چوار ساڵەدا بەیەکەوە بەدەستمان هێنان. کاتێکیش گەڕامەوە، بەردەوام دەبین لە سەرکەوتنەکانمان. لێم ببوورن و هیوادارم ئەلبوومەکەتان بە دڵ بێت”.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ماوەی مانگێك عێراق مووچەی سێ مانگ دەنێرێت

یاسین

سەرۆکوەزیرانی قەتەر: ئیسرائیل بە چەکێکی لە ڕادارەوە ون هێرشی کردە سەر دۆحە

سەڵاح

راگه‌یندراوێك له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق

یاسین