لە ئەمریکا رێوڕەسمێکی تایبەت بە دابەشکردنی خەڵات بەسەر باشترین بەرهەمی موزیکیی بەرهەمهێنراو لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە ڕێکخرا، تێیدا تیشک خرایە سەر ئەو داهێنەرانەی لە ڕێگەی ئەم تەکنۆلۆژیایە، بە تەواوی یان بە بەشێکاری، بەرهەمی هونەرییان پێکهێناوە.
ئەم پەرەسەندنە خێرایە لە کاتێکدایە کە پیشەسازیی موزیکی پشت بەستوور بە ژیریی دەستکرد، سەرەڕای ڕاکێشانی سەرنجی ملیۆنان بیسەر و گەیشتنی بە پێشەنگی خشتەکانی پڕفرۆشترین بەرهەمەکان، بەڵام هاوکات ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە ڕەخنە و سکاڵای یاسایی بووەتەوە.
لەو ڕووداوەدا کە درەنگانی ئێوارەی ڕۆژی هەینی بە کاتی ئەمریکا لە لۆس ئەنجلۆس بەڕێوەچوو، پێشکەشکاران و براوەکانی خەڵاتەکە جەختیان لەوە کردەوە، موزیکی بەرهەمهێنراو بە ژیریی دەستکرد دەبێت وەک بەشێک لە شێوازێکی نوێی هونەری سەیر بکرێت، پێویستی بە بەهرەی ڕاستەقینە و کاتێکی زۆر هەیە بۆ ئاراستەکردنی تەکنۆلۆژیایەکە بە ئاراستەی بەدەستهێنانی دەنگی گونجاو.
دریك مێرفی، بەرهەمهێنەری موزیکی، لە کاتی پێشکەشکردنی خەڵاتی باشترین گۆرانی هیپ هۆپی بەرهەمهێنراو بە ژیریی دەستکرددا، گوتی: “لە جیهانێکدا کە هەمووان ژیریی دەستکرد بە شتێکی ساختە ناودەبەن، ئەو مرۆڤەی لە پشت ئەم تەکنۆلۆژیایەوە وەستاوە، ڕاستەقینەیە”.
دیارترین خەڵاتەکانی ئەو شەوە، کە بریتی بوون لە خەڵاتی هونەرمەندی ساڵ، گۆرانی ساڵ و ئالبۆمی ساڵ، بەخشران بە زنايا مونيه؛ کە کەسایەتییەکی خەیاڵی و دروستکراوی هۆشمەندی دەستکردە و بە گۆرانییەکەی بە ناوی “چۆن دەبوو بزانم؟ – How Was I Supposed to Know” ناسراوە.
بە گوێرەی گۆڤاری بیلبۆرد، ئەم گۆرانییە کە سەر بە شێوازی “ئاڕ ئەند بی”یە، یەکەم بەرهەمی پشت بەستووە بە ژیریی دەستکرد کە توانیویەتی شوێنێک بۆ خۆی لە خشتەکانی پەخشی ڕادیۆیی داگیر بکات.
ئێستا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی تۆمارە دەنگییەکان چەندین سکاڵای یاساییان دژی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد تۆمار کردووە، بە تۆمەتی بەکارهێنانی نایاسایی بەرهەمە پارێزراوەکان بە مەبەستی ڕاهێنانی مۆدێلەکانیان.
هاوکات، گۆرانیبێژان و موزیکژەنان ترسی ئەوەیان هەیە کە تەشەنەسەندنی ئەم موزیکە ببێتە هۆی لەدەستچوونی دەرفەتی ناسینەوە بۆ مرۆڤە هونەرمەندەکان و هەروەها بڕینی هەلی کار لەبەردەم بەرهەمهێنەران، گۆرانیبێژان، ئەندازیارانی دەنگ و تێکستنووساندا.
جەی فریکوێنسی، یەکێک لە بەشداربووانی پاڵێوراوەکان، گوتی: “زۆر لەو کارانەی لە پشت پەردەوە دەیورژێنین کارێکی قورسن، پێچەوانەی ئەو باوەڕە گشتییەی هەیە. هونەر هەر هونەرە و لەو بڕوایەدام ئەمە تەنیا ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ دەربڕینی هەستەکان”.

