ئەستێرەی ئەمریکی جۆنی دێپ، لە ڕێگەی نوێترین فیلمییەوە بە ناوی “Ebenezer“، دەستپێکێکی بەهێزی لە هۆڵەکانی سینەمای ئەمریکادا تۆمار کرد و پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، داهاتی فیلمەکە لە یەکەم کۆتایی هەفتەیدا 20 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی “Deadline“، فیلمەکە لە جۆری فانتازیای تاریکە و تەنیا لە یەکەم ڕۆژی نمایشکردنیدا لە ئەمریکای باکوور زیاتر لە 7 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە.
هاوکات پێشبینی دەکرێت کۆی گشتیی داهاتی جیهانیی فیلمەکە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگاتە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار، ئەمەش وەک گەڕانەوەیەکی سەرکەوتوو و بەهێزی جۆنی دێپ بۆ ڕۆڵی سەرەکی لە بەرهەمە هۆڵیووددا هەژمار دەکرێت.
چیرۆکی فیلمی “Ebenezer” گێڕانەوەیەکی نوێ و تاریکە کە لە ڕۆمانی بەناوبانگی “A Christmas Carol“ـی نووسەر چارڵز دیکنزەوە وەرگیراوە.
لەم بەرهەمەدا جۆنی دێپ ڕۆڵی کارەکتەری “ئێبینیزەر سکروج” دەگێڕێت کە دەکەوێتە گەشتێکی دەروونی و بینراوی پڕ لە ورووژاندن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تارماییەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، ئەویش لە کەشێکی گۆتیک و بە بەکارهێنانی کاریگەرییە بینراوە سەرنجڕاکێشەکان و بە بەشداریی کۆمەڵێک ئەستێرەی دیکە.

