یەکێک لە سیاسەتمەدارە دێرینەکانی کوردستان و ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان باس لە دۆخی سیاسیی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆبوونەوەی حزبەکان دەکات و زانیاری دەخاتە ڕوو.
دکتۆر فایەق گوڵپی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس گوتی: “چارەسەری گرفتە سیاسییەکان بەوە ناکرێت سلێمانی بخرێتە سەر عێراق، عێراقیش ئەمەی قبووڵ نییە. هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور دانی پێدا نراوە؛ تا ئەو دەستوورە هەڵنەوەشێتەوە ناتوانرێت ئەو هەنگاوە بنرێت.”
ڕاشیگەیاند: “کاتی خۆی پێش ڕاپەڕین، حزب هەموو شتێک بوو؛ حزب بەرپرسی دابینکردنی ئابووری، ڕاگەیاندن و سەربازی بوو تا کۆتایی. دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ١٩٩٢، دەبوایە حزب بچووک بکرایەتەوە لەجیاتی ئەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت حزب دەست وەردان بکات دەوڵەت کاری خۆی بکردبایە. بەداخەوە لەم وڵاتەدا حزب زۆر گەورە کراوە؛ دەبێت واز لە دەمارگیریی حزبی بهێنرێت و دەبێت دەستوورمان هەبێت، لەسەر بنەمای دەستوور کار بکەین نەک حزبێنێ.”
گوتیشی: “لە دواین هەڵبژاردن، دەنگی پارتی زیاتر بووە لە یەکێتی و حزبەکانی تر. ئەوەی دەنگی زۆری هێناوە بەپێی عورف بۆی هەیە حکوومەت پێکبهێنێت، ئەوەشی دەنگی کەمتری هێناوە، یان هاوپەیمانیی لەگەڵدا دەکات یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن یان حکوومەتی بنکەفراوان. بۆیە ئەگەر دەستوورمان بە کۆنکرێتی هەبووایە، دەمانتوانی لەسەر ئەمە قسە بکەین. ئەگەر دەستوورمان هەبووایە، شیکارەکەی دەکرد کە ئەوەی دەنگی زۆرینەی هێناوە دەتوانێت ئەم ڕێکارانە بگرێتە بەر، ئەو کاتە کەس نەیئەتوانی ئینکاری لێ بکات، بەداخەوە ئەمە نەکرا کە دەستوورمان نییە بەداخەوە پەیڕەوی دیموکراسی خەریکە وەلادەنرێت، هەروەها بابەتی سیاسی بووەتە بابەتی کەسی. ئەمە سیاستێکی بەرپرسانە نییە؛ ئێمە گرفتی نەتەوەییمان هەیە، دەبێت یارمهتی ناوچه كوردستانییهكان بدەین بگهڕێنهوه و هاوكاریی پارچهكانی دیكهی کوردستان بكهین، نهك ئەم سیاسەتانە پەیڕەو بکەین.”

