ئەمڕۆ دووشەممە،23-11-2026، بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بارێکی 30 تۆن زمانی گامێشی بەستووی هیندییان لە رێگەی دەروازەی سنووریی ترێبیلەوە گەڕاندووەتەوە وڵاتی سەرچاوە، چونکە پێچەوانەی رێنماییەکانی هاوردەکردن بووە.
عومەر رەعد حەیالی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، تیمەکانیان لە کەرەنتینەی دەروازەی ترێبیل رێگرییان لە هاتنەژوورەوەی ئەو بارە کردووە. حەیالی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە زمانی گامێش لە چوارچێوەی گۆشتی سەر هەژمار دەکرێت و بەپێی لیستی ماددە قەدەغەکراوەکانی رۆژژمێری کشتوکاڵی، هاوردەکردنی بەشێوەیەکی هەمیشەیی قەدەغەیە.
حەیالی روونیکردەوە، بارەکە مۆڵەتی فەرمیی لە بەشی کەرەنتینەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری وەرنەگرتبوو، بەو هۆیەوە بەپێی رێنماییە پەسەندکراوەکان بڕیاری گەڕاندنەوەی بۆ وڵاتی سەرچاوە درا.
حەیالی گوتی: “بڕیاری گەڕاندنەوەکە دوای پشکنینی ڤێتێرنەری و وردبینیکردنی بەڵگەنامەکان دراوە، بەپێی پرۆتۆکۆلێکی فەرمیی هاوبەش کە نوێنەرانی گومرگ، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەکە، پۆلیس، ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری، کەرەنتینەی ڤێتێرنەری و بنکەی تەندروستیی ترێبیل بەشدار بوون”.
بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری جەختیکردەوە، تیمەکانیان لە دەروازە سنوورییەکان بەردەوامن لە پشکنینی بارە ئاژەڵییە هاوردەکراوەکان و وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانیان. ئەو هەنگاوانەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنیی و چاودێرییەکان دەگیرێنەبەر بەمەبەستی رێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی ئەو ماددانەی پێچەوانەی مەرجە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکانن، لەپێناو پاراستنی سامانی ئاژەڵ و تەندروستیی گشتی لە عێراق.

