ئۆڵگا ئۆلانکینا، پسپۆڕ لە تاقیگەی “Hemotest” رایگەیاند، زیادبوونی ساڵانەی حاڵەتەکانی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەم دۆخە مانای ئەوە نییە خۆپارێزی لێیان مومکین نەبێت.
ئۆلانکینا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: “پاراستنی کاریگەر پشت بە چەند ئاستێک دەبەستێت. بنەماکەی وەرگرتنی ساڵانەی ڤاکسینی ئەنفلۆنزایە و پێ باشە چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی وەرزی ئەنفلۆنزا وەربگیرێت بۆ ئەوەی کاتی پێویست هەبێت بۆ دروستبوونی بەرگری”. ئۆلانکینا جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوە بەتایبەت بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە، منداڵانی بچووک، ژنانی دووگیان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان گرنگە.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشدا، رێکارە گشتییەکانی خۆپارێزی بریتین لە شۆردنی بەردەوامی دەستەکان، هەواگۆڕکێی ژوورەکان، پاککردنەوەی رووەکان لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکان و بەستنی دەمامک لە شوێنە قەرەباڵغەکان.
سەرەڕای ئەمەش، بەگوتەی ئۆلانکینا، زۆرێک لە خەڵک سەرەڕای دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی هەڵامەت، بەردەوام دەبن لە چوونە سەر کار، گەیاندنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە و بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی.
ئۆلانکینا گوتیشی: “ئەم کەمتەرخەمییە دوو مەترسیی هەیە؛ دۆخی نەخۆشەکە خۆی خراپتر دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی گەڕۆکی گواستنەوەی نەخۆشی بۆ دەوروبەرەکەی. لە دوو بۆ سێ رۆژی یەکەمی نەخۆشییەکەدا، چڕیی گەردیلە ڤایرۆسییەکان لە کۆئەندامی هەناسەدا دەگاتە لوتکە و بوونی تەنیا کەسێکی تووشبوو لە نووسینگە یان پۆلێکدا دەکرێت ببێتە هۆی زنجیرەیەک تووشبوون”.
بەگوێرەی قسەکانی، پێویستە رێگری لە چوونی ئەو منداڵانە بکرێت کە بچووکترین نیشانەی هەڵامەتیان لێ دەردەکەوێت بۆ باخچەی ساوایان یان قوتابخانە. ئۆلانکینا ئەوەشی خستەڕوو کە ماندووبوونی جەستەیی و دەروونیی توند لە قۆناغی توندبوونی نەخۆشیدا بارگرانیی سەر کۆئەندامی بەرگری زیاد دەکات و ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەکان بەرز دەکاتەوە.
سەبارەت بە چارەسەر، ئۆلانکینا هۆشداریی دا: “بەکارهێنانی بێسەروبەری دژەبەکتریاکان شایەنی هۆشدارییەکی تایبەتە، چونکە نەک تەنیا لە بەرامبەر هەوکردنی ڤایرۆسیدا بێسوودن، بەڵکو دەبنە هۆی دەرکەوتنی جۆری بەکتریای بەرگریکار و چارەسەرکردنی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی داهاتوو قورستر دەکەن”.
پزیشکەکە ئامۆژگاری دەکات کە لە کاتی دەرکەوتنی یەکەم نیشانەکانی نەخۆشیدا شوێنی کار ئاگادار بکرێتەوە لە نەبوون و سەردانی پزیشک بکرێت. ئۆلانکینا روونیکردەوە، چارەسەر لە رۆژانی یەکەمی نەخۆشیدا جەخت لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکان دەکاتەوە نەک لەناوبردنی ڤایرۆسەکە، بۆ کەمکردنەوەی ئەو نیشانانەی بێزاری دروست دەکەن.
ئۆلانکینا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: “ئەگەر پلەی گەرمی لە 38 بۆ 38.5 پلەی سەدی تێپەڕی یان نەخۆشەکە بەرگەی تا نەگرت، دەکرێت دابەزێنەرەکانی تا وەک پاراسیتامۆڵ یان ئیبۆپرۆفین بە بڕی گونجاو بەکاربهێنرێن لەگەڵ پابەندبوون بە زۆرترین ژمارەی رێگەپێدراوی بەکارهێنان”.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکرد، دەکرێت گیراوە خوێییەکان بۆ شۆردنی لووت و کەمکردنەوەی گیران بەکاربهێنرێن، بەڵام لە حاڵەتی ئاوکردنی توندی لووتدا، دەکرێت پەنا بۆ قەترەی کەمکەرەوەی گیران ببرێت، بەو مەرجەی لە سێ بۆ پێنج رۆژی یەک لە دوای یەک زیاتر بەکارنەهێنرێن. لە کاتی هەوکردنی قوڕگیشدا، غەرغەرەکردن بە گیراوەی دژەعفوون، یان بەکارهێنانی حەبی مژین یان سپرا پێشنیار دەکرێت. هەروەها پشوودان و خواردنەوەی زۆری شلەمەنیی گەرم دوو رێکاری بنەڕەتین.

