zagros news agency

توێژینەوەیەکی نوێ: نیشانەکانی مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک دەیان ساڵ زووتر دەردەکەون

 

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات نیشانەکانی مەترسیی جەڵتەی دڵ یان مێشک لەوانەیە تا ٣٠ ساڵ پێش ڕوودانیان دەربکەون، ئەمەش دەرفەتێک بۆ گۆڕینی شێوازی ژیان و ڕێگریکردن لە مردن دەڕەخسێنێت.

توێژینەوەیەکی نوێ کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کردووە نیشانەکانی مەترسیی جەڵتەی دڵ یان مێشک لەوانەیە تا ٣٠ ساڵ پێش ڕوودانیان دەربکەون. ئەم دۆزینەوەیە دەرفەتێکی گرنگ بۆ تاکەکان دەڕەخسێنێت تا پێشوەختە ئاگاداری مەترسییەکان بن و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیاندا بکەن. نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان گرنگترین هۆکاری مردنن لە جیهاندا و بەپێی خەمڵاندنەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ١٩.٨ ملیۆن کەس بەهۆی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک یان کێشەکانی تری دڵەوە گیانیان لەدەست داوە.

برایان ویلیامز، بەڕێوەبەری زانستی و پزیشکیی دامەزراوەی دڵی بەریتانیا، کە سپۆنسەری ئەم توێژینەوەیەی کردووە، گوتی: “بۆ زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک، جەڵتەی دڵ و مێشک بە تەواوی دەکرێت ڕێگری لێبکرێت. بەڵام زۆربەمان نازانین لە مەترسیداین تا کاتێک زۆر درەنگ دەبێت.” توێژەرانی زانکۆی ئیدنبێرگ دۆخی تەندروستیی نزیکەی ١١٤ هەزار کەسیان لە دەیەی ١٩٨٠ەوە و بۆ ماوەی سێ دەیە بەدواداچوونیان بۆ کرد. لە سەرەتادا هیچ کامیان تووشی نەخۆشیی دڵ نەبوون، بەڵام لە کۆتاییدا نزیکەی ١٧ هەزار کەس تووشی جەڵتەی دڵ یان مێشک بوون یان بەهۆی کێشەی دڵەوە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئەم توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری “جاما نێتۆرک ئۆپن” بڵاوکراوەتەوە، لە نێو ئەو کەسانەی دواتر تووشی کێشەی دڵ بوون، نیشانەکانی مەترسی زۆرجار دەیان ساڵ زووتر دەرکەوتبوون. بۆ نموونە، پەستانی خوێنی سیستۆلیک، واتە ئەو پەستانەی کە لە کاتی پاڵنانی خوێن لەلایەن دڵەوە دەخرێتە سەر خوێنبەرەکان، لەو کەسانەی کە دواتر تووشی کێشەی دڵ بوون، هەمیشە بەرزتر بووە لەو کەسانەی کە تووشی ئەم کێشانە نەبوون.

نیشانە بایۆلۆژییەکانی خوێنیش نیشانەیەکی سەرەتایی تر بوون. گۆڕانکارییەکان لە NT-proBNP، پارچەیەکی پرۆتینی کە بۆ هەڵسەنگاندنی سستیی دڵ بەکاردێت، لە ١٠ ساڵ پێش دەرکەوتنی کێشەکەدا بەدی کراوە. نیشانەکانی تری مەترسیی سەرەتایی بریتی بوون لە کارکردنی گورچیلە، ئاستی چالاکیی جەستەیی، شەکرە و بەرزبوونەوەی پێوەرەی بارستەی جەستە (BMI) کە پێوەرێکە بۆ قەڵەوی. چەندین لەم هۆکارانە، لەگەڵ پەستانی خوێنی بەرز و کۆلیسترۆڵی زۆر، پێشتر وەک هۆکارەکانی مەترسیی نەخۆشیی دڵ ناسراون، بەڵام ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات کە ئەم هۆکارانە چۆن بە تێپەڕبوونی کات گەشە دەکەن.

برایان ویلیامز گوتی: “ئەم توێژینەوەیە دەچێتە سەر کۆمەڵێک بەڵگەی گەشەسەندوو کە نیشان دەدات زەنگەکانی مەترسی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان دەیان ساڵ پێش ڕوودانیان دەردەکەون.” ئەم توێژینەوەیە هۆکارەکانی مەترسیی لەسەر بنەمای نەتەوەیی شیکار نەکردووە و بۆ دیاریکردنی هەر جیاوازییەک لە نێو گرووپە جیاوازەکاندا، پێویست بە توێژینەوەی زیاتر دەبێت.

برایان ویلیامز گوتی کە ئەم دۆزینەوانە دەتوانن یارمەتیی پزیشکان بدەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشانەی کە لە ساڵانی دواتری ژیانیاندا لە مەترسیی جەڵتەی دڵ یان مێشکدان، بە بەکارهێنانی ئامرازە سادەکان وەک پێوانەکردنی پەستانی خوێن یان پشکنینی خوێن. ئەو گوتی: “ئەم جۆرە زانیارییانە دەتوانێت هێز بە خەڵک بدات کە لە کاتێکدا هێشتا گەنجن، شێوازی ژیانیان بگۆڕن یان دەست بە چارەسەر بکەن؛ هەنگاوێک کە لەوانەیە مەترسییەکە کەم بکاتەوە، ڕێگری لە جەڵتەی دڵ یان مێشک بکات و داهاتوویان بنووسێتەوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

نهێنییە شاراوەکانی هێلکە

یاسین

ئۆمیگا سێ چ کاریگەرییەک لەسەر جەستە دروست دەکات؟

lana

ده‌رمانی چاره‌سه‌ری ترشه‌ڵۆكی گه‌ده‌ كاریگه‌ری لاوه‌كی هه‌یه‌

lana