zagros news agency

کاکە حەمە بۆ زاگرۆس: دوای شکستی جورف سەخر دەیانەوێت بەسەر هەرێمدا بشکێننەوە و قەوارەکەمان تێک بدەن بەڵام بەرگری دەکەین

 

لە هەڵوێستێکی توند و جیاوازدا بەرامبەر ئاڵۆزییە نوێیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەدی حاجی مەحموود، بۆ ئاژانسی زاگرۆس ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی عێراق دوای شکستی جورف سەخر دەیانەوێت شکستەکانی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا بشکێننەوە، و جەختی کردەوە کە تا یەکپارچە بێت لە پێشەوەی پێشمەرگەکاندا دەبێت و ئاواتەخوازی شەهیدبوونە لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستاندا.

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق لە ناوچەی جورف سەخر بەرامبەر حزبوڵڵا و بەهۆی دەستوەردانی ئێران و مەرجەعییەتەوە تووشی شکست هات، سیناریۆیەکی دژی هەرێمی کوردستان داڕشت تا لە بەردەم ئەمریکادا شەرمەزار نەبێت.

محەمەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە دا کە دەسەڵاتدارانی بەغدا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی بەبێ شەرم لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنەکانەوە هەڕەشە لە گەلی کورد بکەن، لە کاتێکدا دەبوو ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو حزبەکە زۆر لەوە بەهێزتر و توندتر بووایە.
محەمەدی حاجی مەحموود هۆشداری توندی دایە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، و هاوبیرانی و ڕایگەیاند ئەوانەی بەو شێوازە قسە دەکەن شارەزای مێژووی عێراق و کورد نین، و داوای لێ کردن سەیرێکی مێژوو بکه ن تا ببینن چارەنووسی سەرۆکەکانی پێشووی عێراق کە دژایەتی کوردیان دەکرد بە کوێ گەیشت.

ناوبراو ئاماژەی بە ڕەفتارە نادۆستەکانی بەغدا کرد کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە بڕینی بودجە، هێنانی تانک بۆ سەر کەرکووک، شەهیدکردنی پێشمەرگە، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و کارەفڕۆشتن بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و دەیانەوێت سەرچاوەکانی داهاتی کوردستان بەتەواوی وشک بکەن، چونکە بە هیچ شێوەیەک کوردیان وەک هاوبەش و هاووڵاتی قبووڵ نییە.

. لە کۆتاییدا داوای لە پارتی، یەکێتی، مامۆستایانی ئایینی و تەواوی خەڵکی کوردستان کرد یەکگرتوو بن بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم چونکە “ئەوەی لە دەستمان بچێت، بە سەد ساڵی تر بەدەست نایەتەوە”، و داواشی لە حکوومەتی هەرێم کرد ڕێگە بەو کەسانە نەدات بێنە کوردستان کە بە کوردی قسە دەکەن و دژایەتی نیشتمان دەکەن؛

دووپاتیشی کردەوە کە تا یەکپارچە بێت لە سبەینێوە لە پێشەوەی سەنگەرەکانی بەرگریدا دەبێت و ئاواتەخوازی شەهیدبوونە لە پێناو نیشتمانەکەی.

هەواڵی پەیوەندیدار

پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی دەستپێکی پەخشی کەناڵی شەمس

یاسین

بانکی ناوەندیی عێراق: نرخەکانی نەوت و کێشانەوەی نەختینە کاریگەرییان لەسەر یەدەگی دراو هەبووە

یاسین

نازم شێخانی: ده‌بێت شاسوار بدرێتە دادگا و سەرجەم چالاکییە سیاسیەکانی قەدەغە بکرێت

گوران