حزبی موتەحیدوون داوای بەستنی کۆنفرانسێکی نیشتمانی بۆ دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکات، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق.
حزبی موتەحیدوون لە راگەیەندراوی ژمارە 160ـی خۆیدا جەختیدەکاتەوە، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پاڵپشتیی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەتی کردووە. حزبەکە پێیوایە گەندەڵی و بڵاوبوونەوەی چەک پێکەوە دەوڵەت لاواز دەکەن و متمانەی هاووڵاتییان بە داهاتوو لەناو دەبەن.
پشتیوانیی حزبی موتەحیدوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەک، لە چوارچێوەی پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەکان و بەهاکانی هاوبەشی و روونی و هاریکاری بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانە، بە جۆرێک متمانە و پشتیوانیی خەڵک بەدەستبهێنێت.
حزبی موتەحیدوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و جەختکردنەوە لەسەر بەهاکانی هاووڵاتیبوون، داوای بەستنی کۆنفرانسێکی نیشتمانی بە بەشداریی چالاکوانانی سیاسی دەکات. ئامانجی ئەو دیالۆگە گەیشتنە بە چارەسەرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندی و ویستی گەلدا بگونجێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پێداچوونەوە بە دەستوور و ئەو ئەزموونانەی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا لەدوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003 روویانداوە، ئامانج لێی گەیشتنە بە تێڕوانینێک کە خزمەت بە گەل بکات و دادپەروەری بەدیبهێنێت. ئەو تێڕوانینە دەبێت پارێزگاری لە وڵات و بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتییان بکات، بە پشتبەستن بە واتای قووڵی هاوبەشی و مافی یەکسان و سەروەریی یاسا لە سەرجەم رێوشوێنەکاندا.
حزبی موتەحیدوون لە بانگەوازەکەیدا روونیکردەوە، کاتێک بەرژەوەندیی نیشتمان ئامانج بێت، هیچ رێگرییەک بۆ رێککەوتن و هاریکاریی نێوان سەرجەم لایەنەکان نامێنێت. حزبەکە بە باوەڕ و گەشبینییەوە چاوەڕێی سەرکەوتنی هەر هەوڵێکی خێرخوازانە دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی کە لەسەر بنەمای روون و پشتیوانیی گەل دامەزرابێت.

