zagros news agency

فەرهەنگ دۆڵەمەڕی: یەکڕیزیی کورد تاکە وەڵامی یەکلاکەرەوەیە بۆ بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق

 

مامۆستایەکی زانکۆی سۆران جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدرێژایی مێژووی خەباتی سیاسیی گەلی کوردستان، پەرتەوازەیی ناوخۆیی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ فشاری بەغدا سەر مافە دەستوورییەکان؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە زنجیرە بڕیارەکانی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هەنگاوێکی نادەستووری دەژمێردرێن و تاکە وەڵامی کردەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانییە.

فەرهەنگ دۆڵەمەڕی، مامۆستای زانکۆی سۆران، تایبەت بۆ (ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس) ڕایگەیاند: “مێژووی خەباتی سیاسیی گەلی کوردستان سەلماندوویەتی کە هەر کاتێک نێوماڵی کورد پەرتەوازە بووبێت، نەیاران و ناوەندەکانی بڕیار لە بەغدا بە ئاسانی توانیویانە فشار بخەنە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێم. دوێنێ، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری نادەستووری دژی کوردستان دەرکرد؛ لە دەستگرتن بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە تا دەگاتە بڕیاری ناردنی سوپا بۆ سەر کوردستان، کە ڕاستەوخۆ ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیارەوە و گرژییەکی نوێیان دروست کردووە.”
فەرهەنگ دۆڵەمەڕی ئاماژەی بەوەش کرد کە گەڕانەوە بۆ لاپەڕەکانی مێژوو دەری دەخات ئەم سیناریۆیە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە سەردەمی پاشایەتیدا دووبارە بووەتەوە، کاتێک مافەکانی کورد پشتگوێ خران و بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داواکارییە ڕەواکانی درانەوە. دواتریش لەگەڵ گۆڕینی سیستەم بۆ کۆماری لە ساڵی ١٩٥٨، دوای هیوا بەخشییەکی کاتی، دەسەڵاتدارانی بەغدا پەشیمان بوونەوە و شەڕیان بەسەر کوردستاندا سەپاند. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا، ئەم سیاسەتە بە پەشیمانبوونەوە لە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار، کیمیاباران، ئەنفال و هەوڵی سڕینەوەی تەواوەتیی ناسنامەی کورد گەیشتە لوتکە؛ چونکە لە هەموو ئەو قۆناغانەدا، ناوەند لە کاتی هەستکردن بە لاوازیی ناوخۆیی کورد، پەنای بۆ هێز و بڕیاری تاکلایەنە بردووە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕوونیشی کردەوە: “دیوەکەی تری مێژوو سەلمێنەری هێزی یەکڕیزیی کوردە. هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦١ بە یەکڕیزیی خەڵک و پێشمەرگە توانی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بەدەست بهێنێت. لە ڕاپەڕینی 1991یشدا بەرەی کوردستانی و یەکگرتوویی خەڵک، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دامەزراند. هەروەها دوای ساڵی ٢٠٠٣ و لە کاتی داڕشتنەوەی دەستووری عێراق، سەرکردایەتیی کورد بە یەک گوتار توانییان فیدراڵییەت بچەسپێنن، لە ساڵی ٢٠١٤شدا بەرگریی پێشمەرگە بە پشتیوانیی سەرجەم لایەنەکان، کوردستانی لە هێرشی داعش پاراست.”
لە درێژەی قسەکانیدا، فەرهەنگ دۆڵەمەڕی جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە و هەمان ڕۆحییەتی یەکگرتوویی لە نێوماڵی کورددا زیندوو بووەتەوە. وەک ئاماژەی پێ دا، وەستانەوەی خێرا و بێ‌دوودڵیی سەرۆک بارزانی، سەرکردایەتیی سیاسی، پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، پەیامێکی ڕوون بوو کە هیچ بڕیارێکی نادەستووری و جووڵاندنی هێز ناتوانێت ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنێت.
لەبارەی هەنگاوە پێویستەکان بۆ کاراکردنی ئەم هەڵوێستە، مامۆستاکەی زانکۆی سۆران چەند خاڵێکی ستراتیژی خستە ڕوو:
پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆ: ڕێکخستنی هەماهەنگیی نێوان سەرکردایەتیی سیاسی، پەرلەمان و لایەنەکان لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان.
ئامادەباشیی بەرگری: بەرزڕاگرتنی ئامادەباشیی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرگریکردن لە خاک و سەقامگیریی نیشتمان بەرامبەر هەر جووڵەیەکی سەربازی.
ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان: بەردەوامی لە بەرگریکردن لە مافەکانی هەرێم سەبارەت بە کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان.
چالاککردنی دیپلۆماسی: ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی دراوسێ و ناوەندە جیهانییەکان لە مەترسییەکانی بڕیارە تاکلایەنەکان و جووڵاندنی هێز لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.
لە کۆتاییدا فەرهەنگ دۆڵەمەڕی ڕایگەیاند کە گوتاری سەرکردایەتی و لایەنە سیاسییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی یەکلاکەرەوە و هەمووان ئامادەن بە خوێن بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن، جەختیشی کردەوە کاتێک سەرکردایەتی، پەرلەمان، حزبەکان و خەڵکی کوردستان یەکدەنگ بن، هیچ هێزێک ناتوانێت بەسەر ئیرادەی کورددا زاڵ بێت و دەستکەوتەکانی کوردستان بە پارێزراوی دەمێننەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامێک لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە

یاسین

دوایین چالاکییەکانی بانگەشە لە پێش هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خولی ئەمریکا

سەڵاح

قائیمقامى قەزایی تەقتەق دەست بەکاربوو

دڵشاد