دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا و بەرپرسانی سەربازی هۆشداری دەدەن لەوەی ڕەنگە ڕووسیا لە ماوەی ئەمساڵدا مانگێکی دەستکردی هەڵگری تەقەمەنیی ئەتۆمی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات؛ تۆمەتێک کە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە و بە «پڕوپاگەندەی ڕۆژئاوا» ناوی دەبات.
بەپێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی هەریەک لە کەناڵەکانی (WDR) و (NDR) و ڕۆژنامەی (زود دۆیچە تسایتونگ)ی ئەڵمانی، ئەو مانگە دەستکردە ناوی «سپوتنیک-ئێس»ە و ماوەی چەندین ساڵە لە ناوچەی مۆسکۆی گەورە دروست کراوە و ئامادە کراوە. ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی سەرەتای مانگی تشرینی دووەم ئاماژە بەوە دەکەن کە کرێملین دەتوانێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا مانگە دەستکردەکە بخاتە خولگەی زەوییەوە، فەرماندەیی بۆشایی ئاسمانی سوپای ئەڵمانیاش هەڵدانی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە مومکین دەزانێت. ئەم زانیارییانە لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆدا ئاڵوگۆڕ کراون و حکوومەتی ئەڵمانیاشی لێ ئاگادار کراوەتەوە.
بۆچوونی شارەزایان و گرژییەکانی بۆشایی ئاسمان
هۆشدارییەکان لەبارەی هەوڵی ڕووسیا بۆ بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا پێشتریش لە سەرەتای ساڵی 2024 لەلایەن ئەمریکاوە خرابوونە ڕوو. ئەندریا ڕۆتەر، شارەزای ئاسایشی بۆشایی ئاسمان لە دامەزراوەی هانس زایدڵ، پێی وایە بڵاوکردنەوەی کردەیی چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا سروشتی هەڕەشەکان دەگۆڕێت. بەڵام پاڤێڵ پۆدڤیگ، توێژەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری چاودێریی چەکدا، ئەگەری هەنگاوێکی دەستبەجێی لەو شێوەیە بە زۆر کەم دەزانێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییانەدا گرژییەکان لە خولگەی زەویدا زیادیان کردووە؛ کۆمپانیای «ئایسی»ی فینلەندی ئاشکرای کردووە کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا مانگێکی دەستکردی ڕووسی تا دووریی چەند سەد مەترێک لە مانگێکی دەستکردی ڕاداریی ئەوان نزیک بووەتەوە.
زیان و لێکەوتە ئەگەرییەکان
بەپێی خەمڵاندنی شارەزایان و فەرماندەیی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا، تەقینەوەیەکی ئەتۆمی لە خولگەدا لە ڕێگەی ترپەی کارۆموگناتیسی (EMP) و بارگاویکردنی پشتێنەی تیشکیی ڤان ئاڵێنەوە، دەتوانێت لە خراپترین بارودۆخدا لە ماوەی چەند کاتژمێر و ڕۆژێکدا نزیکەی سێیەکی مانگە دەستکردەکانی خولگەی نزمی زەوی لە کار بخات (لە کۆی نزیکەی 16 بۆ 17 هەزار مانگی دەستکردی چالاک کە ئێستا لە خولگەی زەویدان).
لەکارکەوتنی بەشێکی بەرفراوانی مانگە دەستکردەکان کاریگەریی توندی بۆ سەر زەوی دەبێت؛ لەوانە پەککەوتنی مامەڵە بانکییەکان، پەیوەندییەکانی مۆبایل، سیستمی دیاریکردنی شوێن و بەشێک لە کارەبا، هەروەها لاوازبوونی وردیی چەکەکان و پەیوەندییە سەربازییەکان، هاوشێوەی ئەو زیانانەی لە تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی «ستارفیش پڕایم»ی ئەمریکا لە ساڵی 1962دا تۆمار کران. جێی ئاماژەیە ماددەی چوارەمی پەیماننامەی بۆشایی ئاسمانی دەرەکیی ساڵی 1967 بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا قەدەغە دەکات.
ئامادەکارییەکانی ئەڵمانیا و پەیامی ستراتیژی
لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکە ئاشکرای کردووە کە ئەڵمانیا لەسەر ئاستی مەدەنی هیچ پلانێکی یەدەگی دیاریکراوی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پچڕانی گشتگیری مانگە دەستکردەکان نییە و وەزارەتی ناوخۆ تەنها لە هەوڵی ئامادەکردنی ڕێبەرێکی قەیرانەکاندایە.
لە بەرامبەردا لەسەر ئاستی سەربازی، سوپای ئەڵمانیا لە ڕێگەی پڕۆژەی «SATCOMBw»ەوە کار لەسەر بنیاتنانی تۆڕێکی پەیوەندیی سەربەخۆ دەکات کە لە 100 بۆ 200 مانگی دەستکرد پێکدێت. هەروەها پلانی هەیە لە ساڵی 2027دا چوار مانگی دەستکردی ئەزموونی هەڵبدات و تا ساڵی 2029 سیستمێکی زەمینیی تەشویشکردن و بەرپەرچدانەوەی پەیوەندییە ئاسمانییەکان بخاتە کار.
شارەزایان پێیان وایە بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە بەشێکیشە لە پەیوەندیکردنی ستراتیژی لەگەڵ کرێملین، بەتایبەت دوای ئەوەی واشنتن لە ئەیلوولی 2026دا بۆ یەکەمجار بڵاوکردنەوەی «چەکی کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان»ی لە خولگەدا پشتڕاست کردەوە.

