توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات زەوی نزیکەی 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستی بە چوونە ناو سەردەمێکی بەستەڵەک کردبوو، بەڵام دیاردەی گەرمبوونی زەوی رێگری لە بەردەوامیی ئەو گۆڕانکارییە کردووە.
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی ماڵپەڕی “ساینس دەیلی” بڵاویکردەوە، پاشماوەی توێژێکی گەورەی بەستەڵەک لە جەمسەری باکوور نزیکەی 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر جارێکی دیکە دەستی بە فراوانبوون کردووەتەوە. توێژینەوە نوێیەکان ئاشکرایانکردووە، ئەو کەڵەکەبوونە خاوەی بەستەڵەک ئاماژەیەک بووە بۆ دەستپێکی سەردەمێکی بەستەڵەک لەسەر زەوی.
لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا ئاراستەکەی پێچەوانە کردەوە و بووە هۆی ئەوەی لەبری گەشەکردن، بەستەڵەکەکان پاشەکشە بکەن. ئەنجامەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی گەرمبوونی ئێستای زەوی رێگەی لەبەردەم سەردەمێکی نوێی بەستەڵەک گرتووە کە پێشتر دەستیپێکردبوو، ئەوەش بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سووڕی سروشتیی کەشوهەوادا کە بە درێژایی ملیۆنان ساڵ کاریگەریی لەسەر هەسارەکە هەبووە.
نیکۆلاس یۆنگ، شارەزای کیمیای جیۆلۆجی لە پەیمانگەی “لامۆنت دۆهێرتی” سەر بە کۆلێژی کۆڵۆمبیا بۆ کەشوهەوا لە ئەمریکا گوتی: “دیاردەکە تازە دەستیپێکردبوو و هەموو شتێک بە رێڕەوی سروشتی خۆیدا دەڕۆیشت، ماوەی بەستەڵەکی داهاتوو لە نزیکبوونی رووداندا بوو، بەڵام وەستا”.
یۆنگ روونیکردەوە، ئەمە نموونەیەکی بەهێزە لەسەر ئەوەی چۆن بووینە هۆی دروستکردنی کێشە لە سیستەمی سروشتیدا.
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە لە گۆڤاری “ساینس” بڵاوکراوەتەوە، یۆنگ و یۆرگ شیفەر، شارەزای کیمیای جیۆلۆجی لە هەمان پەیمانگە، بە هاوکاریی تیمێک مێژووی توێژی بەستەڵەکی “لۆرێنید”یان لێکۆڵینەوە لەسەر کرد، کە تەنێکی بەستەڵەکی زەبەلاح بووە و پێش دەیان هەزار ساڵ بەشێکی زۆری ئەمریکای باکووری داپۆشیوە.
لە لووتکەی فراوانبوونیدا، توێژی لۆرێنید لە باکووری بازنەی جەمسەری باکوورەوە تا ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا درێژ بووبووەوە و لە هەندێک ناوچەدا ئەستووریی بەستەڵەکە 3 کیلۆمەتری تێپەڕاندبوو. هەرچەندە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای زەوییەوە زۆربەی ئەو توێژە بەستەڵەکە گەورەیە تواوەتەوە، بەڵام بەشێکی هێشتا ماوە و بە “توێژی بارنز” ناسراوە، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی دوورگەی بافین لە هەرێمی نونافوتی کەنەدا.
یۆنگ دەڵێت، زۆرجار دەوترێت ئەو توێژە بەتەواوی لەناو چووە، بەڵام ئەوە نادروستە.

