zagros news agency

توێژینەوەیەک: ئاستی بەرزی شەکر توانای هزری لە تەمەنی مامناوەند لاواز دەکات

 

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریدەخات، بەرزبوونەوەی پلەبەپلەی ئاستی شەکر لە خوێندا لە قۆناخی لاویەتییەوە پەیوەندیی بە لاوازیی یادگە و توانای هزری لە تەمەنی مامناوەنددا هەیە، تەنانەت لەو کەسانەشدا کە تووشی شەکرەی جۆری دووەم نەبوون.

توێژینەوەکە، کە 25ـی تشرینی دووەمی 2026 لە گۆڤاری کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، روونیدەکاتەوە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی بەرزیی ئاستی شەکر لەسەر تەندروستیی مێشک لەوانەیە دەیان ساڵ پێش پیربوون دەست پێ بکات. ئەمە گرنگیی چاودێریکردنی ئاستی شەکر لە تەمەنێکی زووەوە دەردەخات، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە قۆناخی پێش شەکرەدان کە تێیدا ئاستی شەکر لە رێژەی ئاسایی بەرزتر دەبێتەوە بەڵام ناگاتە ئەو ئاستەی نەخۆشییەکەی پێ دیاری بکرێت.

توێژەران داتای تەندروستیی 2,808 کەسیان شیکار کردووە کە تەمەنیان لە دەستپێکی توێژینەوەکەدا لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵدا بووە و بۆ ماوەی سێ دەیە چاودێریی ئاستی شەکریان کراوە. کاتێک بەشداربووان گەیشتوونەتە تەمەنی مامناوەندی 55 ساڵ، تاقیکردنەوەی پێوانی یادگە، خێراییی وەرگرتنی زانیاری، توانای پلاندانان و بڕیاردانیان بۆ ئەنجامدراوە.

توێژەران سێ شێوازی جیاوازی ئاستی شەکرەی بەڕۆژووبوونیان لەو بەشداربووانەدا تۆمار کردووە کە تووشی شەکرە نەبوون:
* 56%ـی بەشداربووان ئاستێکی جێگیریان لە نێوان 80 بۆ 85 میلیگرام لە هەر دیسیلیترێکدا پاراستووە.
* 38% ئاستێکیان لە نێوان 90 بۆ 100 میلیگرام لە هەر دیسیلیترێکدا بووە.
* 5.6% ئاستی شەکریان بە شێوەیەکی پلەبەپلە لە نزیکەی 85ـەوە بۆ نێوان 110 و 115 میلیگرام لە هەر دیسیلیترێکدا بەرز بووەتەوە.

لە ماوەی چاودێریکردنەکەدا، 345 بەشداربوو تووشی شەکرەی جۆری دووەم بوون. دەرەنجامەکان ئەوەیان سەلماند، ئەو کەسانەی ئاستی شەکریان بە پلەبەپلە بەرز بووەتەوە، هاوشێوەی تووشبووانی شەکرە، ئاستێکی لاوازتریان لە تاقیکردنەوەکانی یادگە، خێراییی بیرکردنەوە و فرمانە هزرییەکاندا تۆمار کردووە بەراورد بەو کەسانەی ئاستی شەکریان نزم و جێگیر ماوەتەوە.

لە کۆی بەشداربووان، 605 کەس پشکنینی تیشکی ئێم ئاڕ ئای-یان بۆ کراوە. دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تووشی شەکرەی جۆری دووەم بوون، قەبارەی مادەی خۆڵەمێشییان لە مێشکدا کەمتر بووە، کە رۆڵێکی سەرەکی لە وەرگرتنی زانیاری، یادگە و فێربووندا دەبینێت. هەروەها توێژەران زیادبوونی گۆڕانکاریی نائاسایییان لە مادە سپییەکەدا تێبینی کردووە، کە بەرپرسە لە گواستنەوەی نیشانە عەسەبییەکان لە نێوان ناوچە جیاوازەکانی مێشکدا.

سەرەڕای ئەوەی گلوکۆز سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزەی پێویستی مێشکە، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستەکەی بە شێوەیەکی درێژخایەن لەوانەیە پەیوەندیی بە زیانگەیاندن بەو خوێنبەرە وردانەوە هەبێت کە خانەکانی مێشک خۆراک دەدەن. هەروەها بەرگریی ئینسۆلین، هەوکردنی درێژخایەن و گوشاری ئۆکسێنەر، کاریگەرییان لەسەر فرمانەکانی خانە عەسەبییەکان و توانای گەیاندنی زانیاری دەبێت.

بەپێی پێوەرە پزیشکییە ئەمریکییەکان، ئاستی شەکر لە خوێندا بەڕۆژووبوون بەم شێوەیەیە:
* کەمتر لە 100 میلیگرام لە هەر دیسیلیترێکدا: ئاستی ئاسایی.
* لە 100 بۆ 125 میلیگرام: قۆناخی پێش شەکرە.
* 126 میلیگرام و زیاتر: ئاماژەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە.

دەکرێت مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا بە جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی رۆژانە کەم بکرێنەوە، وەک ئەنجامدانی چالاکیی جەستەییی مامناوەند بۆ ماوەی 150 خولەک لە هەفتەیەکدا، کەمکردنەوەی خواردنەوە شیرینەکان و کاربۆهیدراتە پاڵێوراوەکان، خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ریشاڵ، پاراستنی کێشێکی تەندروست و چاودێریکردنی بەردەوامی ئاستی شەکر، پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ.

توێژینەوەکە ئەوەی نەسەلماندووە کە بەرزیی شەکر هۆکاری راستەوخۆی لاوازیی یادگەیە، چونکە توێژەران تەنیا لە کۆتاییی ماوەی چاودێریکردنەکەدا توانای هزرییان هەڵسەنگاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرەنجامەکان گرنگیی کۆنترۆڵکردنی شەکرەی خوێن وەک بەشێک لە ستراتیژیی پاراستنی تەندروستیی مێشک دەسەلمێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاژانسی زاگرۆس: له‌كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئاستی وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌ كوردستان گه‌یشته‌ ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکات

یاسین

عێراق پێنج حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوونی تۆمار کرد

سەڵاح