zagros news agency

ترەمپ : داوا لە روسیا دەکەین جەنگ لەگەل ئۆکرانیا فراوانتر نەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، داوایان لە ڕووسیا کرد کە جەنگ لە ئۆکراینا “فراوانتر نەکات”، ئەمەش بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش کە دوای کۆبوونەوەکەیان لە ڕۆژی چوارشەممە لە شوێنی مانەوەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا بڵاوکرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: “هەروەها باسمان لە گرنگیی ئەوە کرد کە ڕووسیا خۆی بەدوور بگرێت لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک کە ببێتە هۆی فراوانبوونی بازنەی جەنگەکە، چ بە ئەنقەست بێت یان بێ ئەنقەست، هەروەها جەختمان لە گرنگیی گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ململانێکە لە زووترین کاتدا کردەوە.”

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا لەگەڵ مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبووەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بایەخپێدانی ئەورووپا بە ڕەوتی دانوستانە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا ڕوو لە زیادبوونە.

ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا یەک هەفتە دوای کۆبوونەوەکانی ترەمپ لەگەڵ هەریەک لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین دێت کە لە میانی گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا ئەنجامی دان.

کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ پوتین کاردانەوەی نەرێنیی لەلایەن نەیارەکانی لە پارتی دیموکرات و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانەوە لێکەوتەوە. ئەم هاوپەیمانانە فشار دەکەن بۆ ئەوەی لەو دانوستانانەدا بەشداربن کە ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا پشتگیرییان دەکات.

مارک ڕوتە کە هەوڵدەدات گرژییەکانی ناو ناتۆ هێور بکاتەوە و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ترەمپدا بپارێزێت، ڕایگەیاند کە ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک لە نێوان زلهێزە ئەتۆمییەکاندا کارێکی ئاساییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ڕوتە و ترەمپ باسیان لە زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری و وەبەرهێنان لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە کردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە جەنگی ئۆکراینا و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دیارترین ئەو پرسانە بوون کە لە گفتوگۆکاندا باسیان لێوەکراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئێران نەخستووەتە ڕوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوپای ئەمریکا فرۆکەی بۆمب‌هاوێژی بە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی لە نزیک ایران جێگیر کرد

سەڵاح

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکات

یاسین

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

یاسین