ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پرۆژە ‎ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەم، كەشوهەوا و ژینگە و ئابووریی كوردستان دەگۆڕێت

 شارەزایانی كەرتی ئاو لە هەرێمی كوردستان پێیانوایە، گرنگیدانی ئەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دروستكردنی بەنداو و پۆند و پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو، كەشوهەوا، ژینگە و ئابووریی كوردستان لە رووی كشتوكاڵ و زیادبوونی سامانی ماسییەوە، بۆ قۆناغێكی گەشەسەندوو دەگۆڕێت.

رۆژی دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی ئەو گرنگیدانەی ئەم كابینەیە بە ئاوی دەدات، بەنداوی چەمرگەی لە سنووری پارێزگای هەولێر كردەوە.

بەنداوی چەمرگە دەکەوێتە گوندی چەمرگە لە سنوورى قوشتەپەی پارێزگاى هەولێر و ئەم بەنداوە بە گوژمەى چوار ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمی كوردستان، بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و سوودوەرگرتن لە ستانداردى جیهانى، بە شێوەیەکى زانستى و سەردەمیانە دروست کراوە.

بەنداوەكە پڕۆژەیەکى ستراتیژیی گرنگە، جگە لە کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى لەسەر وشکەساڵى و کەمئاوی لە وەرزى هاوین و دروستبوونى لافاو و دوورخستنەوەى مەترسییەکانى و زیانگەیاندنى بە گوند و شار و دێ و شارۆچکەکانی دەوروبەری ناوچەکە لە وەرزى بارانباریندا، هەروەها سوودى زۆرى دەبێت بۆ پاراستنی سامانی ئاو و بەرهەمهێنانی سامانی ماسی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

لە ڕوویەکی دیکەشەوە، کەرتی گەشتیاری لەو ناوچەیەی، کە بەنداوەکەی لێ دروست کراوە دەبووژێتەوە و دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، ئەمەش سوودی زۆری دەبێ بۆ جوانترکردنی دەشتى هەولێر بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى.

جۆری بەنداوی چەمرگە خاکییە و بەرزیی بەنداوەکە (17.5) مەترە، درێژییەكەی (262) مەتر و  پانییەكەی (crest 8m) دەبێت، توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوەكە بەگشتی زیاتر لە (1.110.000 m3) دەبێت.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، جگە لە بەنداوی چەمرگە، چەندین بەنداوی دیكە لە هەرێمی كوردستان دروست كراون، لەوانە شەوگێڕ، ئاقووبان، دێوانە، خەنەس و تووڕەجار تەواو کراون و هەریەک لە بەنداوەكانی گۆمەسپان و بەستۆڕە ئەمساڵ تەواو دەبن.

بەگشتی، ئاوی گلدراوە لەو بەنداوە نوێیانە گەیشووەتە نزیکەی 100 ملیۆن مەتر سێجا و کۆی ئاوی گلدراوە لە تەواوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئێستا پێنج ملیار و 150  ملیۆن مەتر سێجایە.

بە گشتی، ژمارەی ئەو بەنداوانەی ئێستا لە قۆناغی دروستکردندان لە هەرێمی كوردستان شەش بەنداون و بە تەواوبوونیان سوودێکی گەورە بە سامانی ئاو دەگەیەنن، هەروەها تەنیا لەمساڵدا مۆڵەت بە دروستكردنی 43 بۆند دراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی

یاسین

هاتووچۆی بازرگانی لە سنووری پەروێزخان ڕادەگیرێت

سەڵاح

نرخی دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان

سەڵاح