دوو توێژینەوەی کلینیکی ئاشکرایان کردووە کە دەرمانێکی تاقیکاریی بۆ دابەزاندنی کێش، توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرچاو وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا کەم بکاتەوە لای ئەو کەسانەی کێشەی قەڵەویان هەیە، ئەمەش ڕەنگە شێوازی چارەسەری ئەم تێکچوونە باوەی خەو بەتەواوی بگۆڕێت.
توێژینەوەکان کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە گۆڤاری (New England Journal of Medicine) بڵاوکراونەتەوە، دەریانخست کە دەرمانی “ڕیتاترۆتاید”ی کۆمپانیای ئیلی لیلی ئەمریکی، دوای ٨٠ هەفتە لە وەرگرتنی دەرزی هەفتانە، حاڵەتەکانی وەستانی هەناسەی کەمکردووەتەوە. تاقیکردنەوەکان ٦٩١ بەشداربووی قەڵەویان لەخۆگرتبوو کە کێشەی وەستانی هەناسەیان هەبوو. لە گرووپی یەکەمدا، ئەوانەی ژەمی ٩ ملیگرامیان وەرگرت، لە کاتژمێرێکدا ٣٤ حاڵەتی وەستانی هەناسەیان کەمبووەوە بەراورد بە دەرمانی وەهمی. لە تاقیکردنەوەی دووەمیشدا کە نەخۆشانی شەکرەی تێدابوو، حاڵەتەکان بە تێکڕای ٢٥ حاڵەت کەمبوونەوە. هەروەها بەشداربووان کێشیان بە ڕێژەی ١٢ بۆ ٢٢٪ دابەزی.
وەستانی هەناسەدان کاتێک ڕوودەدات ماسولکەکانی قورگ لە خەودا خاو دەبنەوە، قەڵەویش بەهۆی چەوری دەوری ملەوە ئەم مەترسییە زیاد دەکات. ئەم دەرمانە لەسەر سێ وەرگری هۆرمۆنی کاردەکات و دابەزاندنی کێش یارمەتیدەرە بۆ کرانەوەی ڕێڕەوی هەوا. بەڵام ئەنجامەکان ئەوە ناسەلمێنن کە دەرمانەکە جێگرەوەی تەواوەتییە بۆ ئامێرەکانی هەناسەدان (CPAP). “ڕیتاترۆتاید” هێشتا تاقیکارییە و تێکچوونی هەرس یەکێکە لە زیانەکانی. جیاوازی هەیە لە نێوان پرخەپرخی ئاسایی و وەستانی هەناسەی ڕێگرەوە کە پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە. ئەنجامەکان دەرگایەک دەکەنەوە بۆ چارەسەری قەڵەوی وەک هۆکارێک، بەڵام مانای ئەوە نییە هەموو کەسێکی پرخەپرخکەر پێویستی بەم دەرزییە بێت.

