zagros news agency

چالاکیی کۆمەڵایەتی توانای مێشکی کەسانی بەتەمەن بەهێز دەکات

 

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و خۆبەخشییەکان، فێربوونی کارامەیی نوێ و چاودێریکردنی منداڵان و نەوەکان، پەیوەندییان بە باشتربوونی ئاستی توانای مەعریفی و درکپێکردنەوە هەیە لای کەسانی بەتەمەن. ئەم چالاکییانە لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ پاراستنی بیرگە و توانا مێشکییەکان لەگەڵ چوونە تەمەن.

 

دەیلی مەیل بڵاویکردەوە، توێژەرانی زانکۆی شاندۆنگی چینی بۆیان دەرکەوتووە ئەنجامدانی لانی کەم سێ چالاکیی سوودبەخش، پەیوەندی بە بەدەستهێنانی ئەنجامی باشترەوە لە تاقیکردنەوە مەعریفییەکاندا هەبووە. لەو نێوەندەدا، ژنانی سەروو تەمەن 60 ساڵ زۆرترین سوودیان لەو چالاکییانە بینیوە.

 

ئەو چالاکییانەی پەیوەندییان بە باشتربوونی ئاستی مەعریفییەوە هەبوو، بریتین لە کاری خۆبەخشی، پەیوەندیکردن بە یانە وەرزشییەکان، چاودێریکردنی منداڵان و نەوەکان، هەروەها بەشداریکردن لە خولەکانی راهێنان و فێربوونی کارامەیی نوێ. لە بەرامبەردا، هیچ پەیوەندییەکی جێگیر لە نێوان بەشداریکردن لە گرووپە سیاسی، ئایینی یان کۆمەڵایەتییەکان و باشتربوونی توانا مێشکییەکاندا دەرنەکەوت.

 

توێژینەوەکە پشتی بە داتای 57,793 کەس بەستووە کە تەمەنیان لە نێوان 57 بۆ 73 ساڵیدا بووە لە 24 وڵاتی جیاوازدا، لە نێویاندا ئینگلتەرا، ئەمریکا و چین. توێژەران بۆ ماوەی شەش ساڵ چاودێری بەشداربووانیان کردووە و لەو ماوەیەدا توانای بیرگە، پلاندانان و ئەنجامدانی ئەرکی فرەجۆریان هەڵسەنگاندووە.

 

ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست بەشداربووانی ئەو چالاکییانە نمرەی بەرزتریان بەدەستهێناوە. توێژەران روونیکردەوە، ئەم چالاکییانە پاڵپشتیی فرمانە درکییەکان دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، ئەنجامەکان ئەوە ناسەلمێنن ئەم چالاکییانە راستەوخۆ رێگری لە خەڵەفان دەکەن، بەڵکو تەنیا پەیوەندییەک لە نێوان چالاکییەکان و باشتربوونی ئاستی مەعریفی دەردەخەن، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی هۆکارەکیی تەواوەتی هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

چوار نەخۆشی کاریگەریان لەسەر گەشەی منداڵ هەیە

lana

گرنگترین سوودەکانی زەیتی گوێزی هیندی

lana

سوودەکانی توێکڵی مۆز بزانە

lana