ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی له‌ سنووری هەریەک لە قەزاکانی شەقڵاوە و پیرمام و هەریر جێبەجێدەکرێن

لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر به‌ گوژمه‌ی 14 ملیار دینار چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی له‌ سنووری هەریەک لە قەزاکانی شەقڵاوە و پیرمام و هەریر جێبەجێدەکرێت

ئەمڕۆ شەممە 10-8-2024 بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و ڕزگار ئەنوەر بەرپرسی لقی24ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەئامادەبوونی مەسعوود کاڕەش جێگری پارێزگار و قایمقامەکانی شەقڵاوە و پیرمام و هەریر و بەڕێوەبەرانی ناحییە و سەرۆک شارەوانییەکانی ئەو سنوورە و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كان و لێژنە ناوچەکان و كارگێڕانی لقی24ی سەفینی پارتی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە بارەگای لقی 24ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هه‌ولێر گوژمەی ( 14 ملیار دینار)ی بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ئاوه‌دانی له‌ سێكته‌ره‌كانی ئاو و كاره‌با و رێگه‌و بان و قوتابخانه‌ و بنكه‌ی ته‌ندروستی لە سنووری قەزاکانی شەقڵاوە و پیرمام و هەریر له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگا ڕاگەیاند و له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ست بە جێبەجێکردنیان ده‌كرێت.

پاشان، پارێزگارى هەولێر پیرۆزبایی سەرکەوتنى کۆنفرانسی ناوخۆیی پارتی، ئاراستەی ئامادەبووان کرد، کە توانیان متمانەی بنکە جەماوەرییەکان بەدەست بهێنن و لە هەڵبژاردندا سەربکەون و هیواى سەرکەوتنى زیاتری بۆ خواستن و ئومێدیشی خواست بە گوڕ و تینەوە خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ بەرپرسی لقی24ـی سەفینی پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر و تیمەکەی، خۆشحاڵی خۆی بە تەرخانکردنی ئه‌و گوژمه‌ بۆ سنوورەکە نیشاندا و داواشیكرد هه‌ماهه‌نگییه‌كان بۆ گه‌یاندنی ده‌ستی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاریی به‌رده‌وام بن.

هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە ئاسانکاری زیاتری پرسەکانی کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکارییە کارگێڕییەکان و خزمەتکردن و رێزگرتنی زیاتری هاووڵاتییان کرایەوە، کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بازرانی جەختی لەسەر دەکەنەوە.

دواتر بەشێک لە پلان و بەرنامەکانى پارێزگاى هەولێرى بۆ ساڵى 2024، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانى پەرەپێدان بۆ ئامادەبووان لەلایەن جێگری پارێزگاری هەولێر خرایەڕوو.

لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی24ی سەفینی پارتی، لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژەکان و دەستى ئاوەدانى، تەئکیدیان لە سەر هەماهەنگی و کاری بەیەکەوەیی و هاوکارى زیاترى نێوان دام و دەزگاکانی حکوومەت و حزب کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتە نزیکەی 44 هەزار کەس

سەڵاح

ژماره‌ وهۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی حاجیانی ئه‌مساڵ راگه‌یه‌نرا

سەڵاح

سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت دەکات

دڵشاد