بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: “ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی بایۆمەترییان نییە، لە هەر وەزارەتێكن، دوێنێ داوامان بەپەلە لێ كردوون، بە لیست ناوەكان دیار بكرێن، كە بایۆمەترییان هەیە یاخود نییانە.”
بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی دەشڵێت: “لەگەڵ دارایی فیدراڵ رێككەوتووین، ئەو ناوانەی بایۆمەترییان هەیە كۆدی بایۆمەترییان دەنووسرێت، ئەوانەیشی بایۆمەترییان نییە، بە بەتاڵی جێدەهێڵدرێت و ئەوانەیشی لەدەرەوەی وڵاتن، ئەوانیش دەبێت ئاماژەیان پێ بدرێت، دواتر چارەسەر دەكرێت، ئەوە رێككەوتنی لەسەر كراوە.”
ئاشكراشی كرد: “لە هەر وەزارەتێك هەزار بۆ دوو هەزار ناو هەیە بابۆمەنرییان نییە، ئەوانە دەبێت بە لیست تاوەكوو ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی9ی 2024، بگاتەوە وەزارەتمان، چونكە لیستی مووچەی مانگی هەشت ئامادەیە و تەنیا ئەو بابەتە ماوە، بۆیە كارەكان بەپەلە دەكرێن، بۆ ئەوەی لیست بۆ ژمێركاریی فیدراڵی بنێرین”
روونیشی كردەوە، سەرەتا لیستی مووچەی مانگی هەشت دەنێردرێت، دواتر لیستی مانگی نۆ رەوانە دەكرێت، گوتیشی: “بڕیارە ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی هەشت بنێردرێت و لیستی مووچەی مانگی نۆش لە قۆناغەكانی كۆتایی وردبینییە و ئەویش كە تەواو كرا بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەنێردرێت، كە رەنگە بكەوێتە هەفتەی داهاتوو.”
شوان بەرزنجی