بەئامادەبوونی بەڕێزان (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی و (د. علی تەتەر) پارێزگاری دهۆک و (د. مەردان خدر) بەرپرسی لقی 9 ی پارتی دیموکراتی کوردستان و (د. افراسیاب موسا) بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک و (حاجی ادریس سورچی) خاوەنی گروپی هاریکاری خێرخوازی و پڕۆژەی ئەنجامدراو، مەڕاسیمی کردنەوەی سەنتەری تالاسیمیا و بانکی خوێن لەشاری ئاکرێ بەڕێوەچوو کە لەلایەن سەرمایەدار و خێرخواز بەڕێز (حاجێ ادریس سورچی) دروستکراوە بەهاوکاری و پاڵپشتی دەزگای خێرخوازی هاریکاری و دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی کە دەستبەکاردەبێت بۆ چارەسەری و گواستنەوەی خوێن بۆ تووشبوانی تالاسیمیا.
لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، بەڕێز وەزیری تەندروستی سوپاسێکی گەرم و بێ پایانی بەڕێز حاجی ادریس سورچی و سەرجەم خێرخوازانی کرد بۆ ئەو دەستپێشخەریە گرنگ و پڕۆژە ستراتیجیە بۆ شاری ئاکرێ و نەخۆشانی کردووە، هیوای خواست نمونەی ئەم بەڕێزانە هەر زیاتر بێت بۆ هاوکاری کردنی وەزارەتی تەندروستی لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان و باشترکردنی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.