ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاندووە: دەوڵەتی عێراق لە كرێكاریكردن بە منداڵان لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە. ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەم دیاردەیە هۆكارێكی سەرەكییە لە بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە منداڵان.
فازڵ غەراوی، سەرۆكی ناوەندەكە باسی لەوە كردووە: “لە دوای وڵاتانی یەمەن و سوودان و میسر، عێراق بە پلەی چوارەم دێت و بە ڕێژەی 4.9% منداڵانی كرێكاری دەكەن، ئەمەش هەموو كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و خزمەتگوزاری گرتووەتەوە.”
بەرزیی ئاستی كرێكاریی منداڵان لە عێراقدا بەهۆی خراپیی باری ئابووری و دابەزینی داهاتی خێزان و بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاری و هەژارییە، هەروەها ململانێ و ئاوارەبوون و توندوتیژیی خێزانی و لاوازیی دامەزراوەكان لە پاراستنی مافی منداڵان، هۆكارگەلێكی دیكەی دیاردەكەن.
ناوەندەكە ئەوەشی گوتووە: بەكارهێنانی منداڵان لە كرێكاریدا و نەپاراستنی مافەكانیان، هۆكارێكە بۆ زیادبوونی سواڵ و قۆستنەوەیان لەلایەن گرووپە بازرگانەكانی مرۆڤەوە، كە زۆرجار لەلایەن گرووپە مافیاییەكانەوە بۆ ئامانجەكانیان بەكار دەهێنرێن.
جێی باسە ڕێكخراوی یونسێف، لە كۆتایی ساڵای 2021 ڕایگەیاندووە، لە هەر 5 منداڵی عێراقی 3 منداڵیان هەژارن، هەروەها بە پێی دوازانیارییەكان، زیاتر لە 900 هەزار منداڵ لە عێراقدا كرێكاری دەكەن.