نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.11.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێرى گشتیى، بە یاوەرى دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى ئامارى هەولێر، لە گەڕەکى تەیراوەى شارى هەولێر، لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە سەردانی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتى ئامارى کرد.
لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، دواى بە دواداچوون بۆ ئەرک و کارى تیمەکان و چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانى پرۆسەكە، لە نزیکەوە گفتوگۆى لەگەڵ دانیشتووانى گەڕەکەکە کرد، هەروەها دەستحۆشى لە بەڕێوەبەرى ئامار و تیمەکان کرد کە بەشێوەیەکى زۆر باش و بەبێ کەم و کوڕى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى لە سنوورى پارێزگاى هەولێرى پایتەخت بەڕێوەدەچێت.
پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “سوپاس بۆ خودای گەورە تاکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ گرفتێک نەبووە و پرۆسەکەش بەباشی بەرێوەدەچێت”.
گوتیشی: “دوێنێ شەو بەدواداچوونمان کردووە، نزیکەی لە 97%ـی هاوڵاتیانی هەولێر خۆیان تۆمارکردووە، کە ئەوەش کارێکی گرنگە و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماەی هەولێر دەکەین، هەروەها ئەو ئامادەکاری و ڕاهێنانەی بۆ تیمەکان کرابوون، بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بەباشی بەرێوە بچێت”.
پارێزگاری هەولێر، ڕاشیگەیاند “ئێمە سوپاسی هاوڵاتیانی شاری هەولێر دەکەین، کە ڕێنماییەکانیان بەباشی جێبەجێ کردووە، هەروەها سوپاسی ئەو هاوڵاتییانە دەکەین کە لە سنووری پارێزگاى هەولێر نیشتەجێ بوون، بەڵام بەهۆی ئەو پرۆسە گرنگە بە لێشاو چوونەتەوە زێدی خۆیان و خۆیان تۆمار دەکەن”.
جێگەى باسە، ئەمڕۆ کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024 بەردەوام دەبێت.