ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

مەریوان قەرەنی: ساڵی 2025 چارەنووسساز دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان

 

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ساڵی 2025 دەكرێ ساڵێكی چارەنووسساز بێت بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە هەم بە ئومێدەوە پێشوازیی لێ بكەین، هەم تەواوی تواناكانمان بخەینە گەڕ بۆ چەسپاندنی زۆرترین ماف بۆ گەلەكەمان لەم ساڵەدا.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، پەیامێكی لەژێر ناونیشانی (2025، ساڵێكی گرنگ و چارەنووسساز) بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: “ساڵی 2024 بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەرێمی كوردستان ساڵێكی سەخت بوو، هۆكارەكانیش زۆر بوون، بەتایبەتیش كە سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە سپۆنسەریی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و بە پشتیوانیی هەندێك حزب و دەستە بەردەوام بوو، بەڵام جێی شانازییە كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانی لەم ساڵەدا خزمەتێكی باش پێشكەش بە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات و سەدان پرۆژە لە زاخۆوە تاوەكوو هەڵەبجە پێشكەش بكات.”

ئاماژەی بەوەش داوە: “هەر لە ساڵی 2024دا خۆشبەختانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا و گرێیەكی سەرەكی لە بەردەم شەرعیەتی دامەزراوەی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان كرایەوە كە ئەمەش بۆ خۆی سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ هەرێمەكەمان، هەروەها دەرئەنجامەكەشی زیاتر جێی دڵخۆشی بوو بەوەی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان توانی متمانەی زیاتر لە 800 هەزار دەنگدەری هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت و لە پێگەی حزبی یەكەمی كوردستاندا بمێنێتەوە كە بە تەنیا كورسییەكانی لە كۆی كورسیی حزبی دووەم و سێیەم زیاتر بێت.”

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە: “لە ئاستی هەرێمییشدا، لەمساڵدا كۆمەڵێك ڕووداوی زۆر گەورە ڕوویان دا كە بوونە هۆی ئەوەی چاوەڕێی گۆڕانكاریی گەورە بكرێت، بە تایبەتیش كە ڕووداوەكان سەرەتا لە غەززە و پاشان لە باشووری لوبنان و دواتر لە سووریا و ئێستاش باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر هەیە لێكەوتەی ئەم ڕووداوانە بگاتە عێراقیش.”

مەریوان قەرەنی دەشڵێت: “لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخە، ساڵی 2025 بۆ هەرێمی كوردستان ساڵێكی گرنگ و هەستیار دەبێت، بەتایبەتیش كە پاراستنی سەلامەتیی هەرێمەكەمان لەم گۆڕانكارییانەی ناوچەكە و مسۆگەرتركردنی مافەكانی گەلەكەمان، خاڵێكی سەرەكییە و گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەم ڕوەوە هاوڕا و هاوهەڵوێست بن.”

بە بڕوای مەریوان قەرەنی، چاوەڕێ دەكرێ لە كۆتایی ساڵی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت كە “گومانی تێدا نییە وەك هەموو هەڵبژاردنێك بۆ كورد گرنگ و چارەنووسسازە و پێویستە پێگەی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت، بە تایبەتیش كە بەپێی دەرئەنجامی سەرژمێری، پێویستە ژمارەی كورسییەكانی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت.”

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردووەتەوە كە هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن “ساڵی 2025 دەكرێ ساڵێكی چارەنووسساز بێت بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە هەم بە ئومێدەوە پێشوازیی لێ بكەین، هەم تەواوی تواناكانمان بخەینە گەڕ بۆ چەسپاندنی زۆرترین ماف بۆ گەلەكەمان لەم ساڵەدا.”

رێباز یونس

هەواڵی پەیوەندیدار

پێشبینی شه‌پۆڵێكی بارانبارین ده‌كرێت، هۆشداری ده‌درێت

سەڵاح

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەخرێتە روو

یاسین

عێراق دەیەوێت پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان دوور بخاتەوە

یاسین