zagros news agency

بەم رێگایانە وشکبوون و خورانی قورگ کەم بکەرەوە

 

لە وەرزی پاییزدا، بەهۆی دابەزینی رێژەی شێی هەوا و بەتایبەتی لە کاتی کارکردنی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە لە نێو ماڵاندا، هەستکردن بە وشکبوون و تەنگژەی قوڕگ زیاتر دەبێت. هەوای وشک دەبێتە هۆی وشکبوونی پەردەی ناوپۆشی لووت و قوڕگ، ئەمەش بێزارکەرە و کاریگەری لەسەر توانای لینجەپەرد بۆ گرتنی بەکتریا و میکرۆبەکان دەبێت.

 

هەوای وشک چۆن کاریگەری لەسەر جەستە دەبێت؟

ناوەندی کلێڤلاند کلینیک دەریدەخات، وشکبوونی هەوا دەبێتە هۆی:

– وشکبوونی لینجەپەردی نێو لووت، بەمەش کاراییەکەی بۆ گرتنی میکرۆب و هۆکارەکانی نەخۆشی کەمدەبێتەوە.

– تەنگژەی قوڕگ و هەستکردن بە ئازار و وشکبوون.

– خورانی چاو و دەرکەوتنی پاشماوەی وشک لە دەوروبەری چاو لە کاتی بەخەبەرهاتن.

 

خۆسێ لیماج، پسپۆڕی پزیشکی خێزان لە کلێڤلاند کلینیک روونیکردەوە، وشکبوونی لینجەپەرد توانای جەستە بۆ گرتنی ئەو میکرۆبانەی مرۆڤ هەڵیان دەمژێت، لاواز دەکات.

 

رێگاکانی کەمکردنەوەی وشکبوونی قوڕگ

رێنماییە تەندروستییەکان بۆ کەمکردنەوەی وشکبوون و تەنگژە، ئەم هەنگاوانە پێشنیار دەکەن:

– بەکارهێنانی ئامێری شێدارکەرەوەی هەوا، کە یارمەتی بەرزکردنەوەی رێژەی شێ لە نێو ماڵدا دەدات. مایۆ کلینیک پێشنیار دەکات رێژەی شێی هەوا لە نێوان 30 بۆ 50%ـی رابگیرێت.

– پاککردنەوەی بەردەوامی ئامێری شێدارکەرەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی کەڕوو و بەکتریا لە هەوادا بکرێت.

– خواردنەوەی بڕی پێویست ئاو، بۆ پاراستنی شێداریی جەستە و کەمکردنەوەی وشکبوونی قوڕگ.

– غەرغەرەکردن بە ئاوی شلەتێن و خوێ، کە رەنگە یارمەتی هێورکردنەوەی تەنگژەی قوڕگ بدات. مایۆ کلینیک دەریدەخات، دەتوانرێت چارەسەرەکە بە تێکەڵکردنی چارەکە کەوچکێکی چا خوێ لە نیو کوپ ئاودا ئامادە بکرێت و دوای غەرغەرەکردن فڕێ بدرێت.

 

هەروەها پێشنیار دەکرێت پێش خەوتن گرنگی بە شێدارکردنی هەوا و خواردنەوەی ئاو بدرێت، چونکە لە شەودا بەهۆی دابەزینی رێژەی لیک، هەستکردن بە وشکبوونی قوڕگ زیاتر دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کێشەکانی تەمەنی هەرزەکاری

lana

سوودەكانی زەیتی ئاڤۆكادۆ بۆ پێست و قژ و نینۆك

lana

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی: هیچ ده‌رمانێك له‌لایه‌ن بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان فڕێ نه‌دراون

سەڵاح