دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە پێی باشترە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بگاتە ڕێککەوتن لەجیاتی ئەوەی “بە توندی بۆمبابارانی بکات”. ترەمپ لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “نیویۆرک پۆست” لە ڕۆژی ٨ی شوبات، بە جەختکردنەوە لەسەر سەریەتیی دانوستان لەگەڵ تاران، گوتی: “ئەوان نایانەوێت بمرن. هیچ کەس نایەوێت بمرێت.”
ترەمپ هەروەها جەختی کردەوە ئەگەر ئەم جۆرە ڕێککەوتنە لەگەڵ تاران ئەنجام بدرێت، ئیسرائیل چیدیکە ئێران بۆمباران ناکات. سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هەمان کاتدا خۆی لە باسکردنی وردەکارییەکانی بابەتە مەبەستدارەکانی خۆی لە ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئێران بوارد و گوتی: “لە ڕاستیدا حەز ناکەم پێتان بڵێم کە بڕیارە چی بە ئەوان بڵێم.”
ترەمپ هەروەها هیوای خواست کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕیار بدەن، ئەو کارەی “لە ئێستادا لە مێشکیان دایە ئەنجامی نەدەن”. ئەم قسەیەی ترەمپ دەکرێت ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ نیازی بەرپرسانی حکومەتی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت. سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە پێشنیارەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی “دڵخۆشکەر” دەبێت.
ترەمپ لە کاتێکدا باسی لە سەریەتیی بۆچۆنی خۆی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران کرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەینی ڕابردوو هەر جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە و بە “ناژیرانە، ناوریایانە و ناشەرەفمەندانە” ناوی برد.
ترەمپ لە ٥ی فێبریوەری ئەو ڕاپۆرتانەی باسیان لە نیازی ئەمریکا بۆ “وردوخاشکردنی ئێران” بە هاوکاری ئیسرائیل دەکرد بە “زۆر زێدەڕۆیی” ناوبرد و جەختی کردەوە: “من دەمەوێت ئێران وڵاتێکی گەورە و سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئەم وڵاتە نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت.”
ترەمپ هاوکات جەختی کردەوە “ڕێککەوتنێکی ئاشتیی ئەتۆمی متمانەپێکراو” لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر پێ باشترە؛ ڕێککەوتنێک بە گوتەی ئەو، “گەشە و گەشانەوەی ئاشتیانەی ئێران” مەیسەر دەکات. ئەو لە درێژەدا گوتبووی دەبێت دەستبەجێ کار لەسەر ئەم ڕێککەوتنە بکرێت تا دوای ئەوە “ئاهەنگێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕین”.
ترەمپ لە یەکێک لە یەکەم هەنگاوەکانی دوای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆک کۆماری، فەرمانی “گوشاری زۆرینە”ی ساڵی ٢٠١٨ی خۆی واتە ئەوە گوشارەی لە حکومەتی جۆ بایدن بەدواداچوونی بۆ نەکرابوو، زیندوو کردەوە.
ئەم فەرمانە بە دوای داخستنی هەر جۆرە ڕێگایەکی دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدایە و بۆ ئەم ئامانجەش داخستنی ڕێگاکانی بازرگانی لەگەڵ ئێران و گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە بە سفر جێبەجێ دەکرێت.

هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو