zagros news agency

رووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەی ئیسپانیا: ژمارەی گیانلەدەستدان بەرز بووەوە بۆ ٦٨ کەس

 

حکوومەتی ئیسپانیا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم دوابەدوای پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا و گیانلەدەستدانی ٦٨ کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە، سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتیی لە وڵاتدا ڕاگەیاند. هاوکات کەسوکاری زیانلێکەوتووان بە نائومێدییەوە بەدوای زانیاریدا لەسەر چارەنووسی ئازیزانیان دەگەڕێن.
بەرپرسانی پێوەندیدار پێیان وایە “هەڵەیەکی مرۆیی” لە نێوەندی کۆنترۆڵی مەدرید هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە بووە.
ئۆسکار پۆئێنتێ، وەزیری گواستنەوەی ئیسپانیا لەم بارەیەوە گوتی: پاش لەکارکەوتنی سیستمێکی سەلامەتی لە ناوچەکەدا، سەرەتا هەردوو شەمەندەفەرەکە وەستابوون، دواتر فەرمانی بەڕێکەوتن دەرکراوە، بەڵام شەمەندەفەری کۆمپانیای “ئیریۆ” دەستی بە جووڵە نەکردبووەوە.
بە گوتەی پۆئێنتێ، کارمەندێکی نێوەندی کۆنترۆڵی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی ژێرخانی هێڵی ئاسنین (ئادیف) فەرمانی داوە شەمەندەفەری کۆمپانیای “ڕێنفێ” لە دواوە بووە، بە خێراییی ئاساییی خۆی لە جووڵە بەردەوام بێت. پۆئێنتێ ئەم بڕیارەی بە “شیکردنەوەهەڵنەگر” ناو برد و گوتی دە خولەک پاش ئەم فەرمانە پێکدادانەکە ڕووی دا.
وەزیری گواستنەوە گوتیشی: «سیستمی هێڵی ئاسنینی ئێمە جێی متمانە و پارێزراوە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو سنووردارییانەی لە هەموو سیستمێکی گواستنەوەدا هەن.»
ناوبراو ئامادە نەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە دەست لە کار دەکێشێتەوە یاخود نا.
گوتەبێژێکی حکوومەتی ناوچەیی بە تەلەڤزیۆنی نیشتمانیی ئیسپانیای ڕاگەیاند لە کاتی ڕووداوەکەدا، بە گشتی ٥٤٤ سەرنشین لە نێو هەردوو شەمەندەفەرەکەدا بوون.
بەرپرسانی ناوچەی کاستیا-لامانچا ڕۆژی چوارشەممە ژمارەی قوربانییانی پێکدادانی ئەم دوو شەمەندەفەرەیان لە هێڵی نێوان مەدرید و ناوچەی ئەندەلوس سەرەتا لانیکەم ٣١ کەس ڕاگەیاندبوو. بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمە لە کەمتر لە دە مانگدا دووەم ڕووداوی مەرگهێنەری ئەم هێڵەی ئاسنە.

هەواڵی پەیوەندیدار

قەتەر بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

سەڵاح

سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

یاسین

دانیشتووانی سوەیدا: تا ئاسایشمان مسۆگەر نەکرێت چەک دانانێین

یاسین