كۆمەڵەی كۆمپانیای (ئەپیكۆر) لە ڕاگەیاندراوێكدا، ئاماژە بەوە دەكەن، ئامادەن بۆ هەناردەكردنەوەین ەوت لە ڕێگەی بۆڕیی عێراق – توركیاوە.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر)، ڕایگەیاند: وەکوو چەندان جار ڕامانگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور ئامادەن هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی عێراق – تورکیاوە دەست پێبکەنەوە، هەر کات ڕێککەوتنێک بکرێت کە مەرجە گرێبەستە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێستای ئەندامەکانمان لەبەرچاو بگرێت.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا، ئەپیكۆر ڕایگەیاندووە: ئێمە بە دوای ڕێکكەوتنێکی نووسراوی تایبەت بە فرۆشتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێین، کە شەفافیەت و گەرەنتیی پارەدان مسۆگەر بکات، دوور لە دەستوەردانی سیاسی.
هەروەها دووپاتیشی دەكەنەوە: کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر پابەندن بە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێکی خێرا و سوودبەخش بۆ هەردوولا. ئێمە هاوڕاین لەگەڵ بۆچوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، کە لە 22ی شوباتدا ڕایگەیاند “خێراکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی عێراق – تورکیاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئابووریی عێراق و پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی دابین دەکات.”