پۆلیسی بەریتانیا ڕایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە چواریان ئێرانین، بەتۆمەتی پلاندانان بۆ “کردەوەی تیرۆریستی.”
یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە، پێنج کەسیان لە ناوچەکانی لەندەن و سویندون و مانچستەری گەورە دەستگیرکردووە کە پەیوەندیان بە گومانی پلانێکەوە هەیە بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنێکی دیاریکراو.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە تەمەنیان لە نێوان 29 بۆ 46 ساڵیدایە و بە تۆمەتی “ئامادەکردنی پلانێکی تیرۆریستی” دەستگیرکراون.
دۆمینیک مۆرفی، سەرۆکی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پۆلیسی لەندەن دەڵێت: “لێکۆڵینەوەکە بەخێرایی دەکرێن و لەگەڵ ئەوکەسانەی لە شوێنە دەستنیشانکراوەکان کاردەکەین بۆ ئەوەی لە ئەگەری بوونی هەر گومانێک زانیاریمان پێبدەن.
ڕوونیشی کردەوە، “لێکۆڵینەوەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بۆیە ئێمە بەدوای هێڵە جیاوازەکانی دیکەدا دەگەڕێین بۆ دیاریکردنی پاڵنەرەکانی دیکە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەش دەکەین ئایا مەترسییی زیاتر لەسەر هاووڵاتیان هەیە یاخود نا.”

