بڕیارە لە ئێستاوە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە، شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیمەش پێکبهێنرێت و بەرێخۆی بکەوێتە دیمەش. یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنەکەسە دەڵێت کە رۆڵی فەرەنسایی و ئەمریکایی لە خۆشکردنی رێگە بۆ دیمەش هەیە. هەروەها یەکێک لە ئەندامەکانی کۆنفەرانسی یەکبوون و یەک هەڵوێستی کوردی دەڵێت کە یەکێک لە بابەتە سەختەکانی بەردەم شاندە کوردییەکە لە دیمەش، مژاری سیستمی دەسەڵاتدارییە لە سووریا.
پاش سەرکەوتنی کۆنفەرانسی یەکبوون و یەک هەڵوێستی کوردی لە قامشلۆ کە بە پشتگیری سەرۆک بارزانی و بە چاودێری ئەمریکایی و فەرەنسایی بەڕێوەچوو، ئێستا چاو لە پێکهێنانی شاندێکی کوردییە بۆ دیمەش. لەم بارەیەوە، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی دەڵێت کە لە دەمێکی نزیکدا ئەو شاندە پێکدێت و فەرەنسایی و ئەمریکایی رێگە لە نێوان دیمەش و کورداندا خۆشدەکەن.
یەکێک لە ئەندامەکانی کۆنفەرانسی کوردی دەڵێت کە لە ئێستاوە تا هەفتەی داهاتوو، شاندێکی هاوبەشی کوردی پێکدێت و یەکێک لە بابەتە سەختەکان کە دەبێت لەگەڵ دمەشق گفتوگۆی لەسەر بکات، مژاری سیستمی دەسەڵاتدارییە لە سووریا.
لە کاتی هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ سەر دەسەڵاتی سووریا، هیچ لایەنێکی کوردی وەک نوێنەری کوردان لەگەڵیدا نەدانیشتووە و ماف و داواکارییەکانی کوردان لەگەڵیدا گفتوگۆ نەکراوە. لە ٢٦ی نیساندا، کوردەکان لە قامشلۆ رێز و هەڵوێستی خۆیان یەکخست بۆ ئەوەی لەگەڵ شەرع بدوێن و دەستکەوتەکانی خۆیان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا بپارێزن.
پاش سەرکەوتنی کۆنفەرانسی یەکبوون و یەک هەڵوێستی کوردی لە قامشلۆ بە پشتگیری سەرۆک مەسعوود بارزانی و بە ناوەندگیری ئەمریکایی و فەرەنسایی و بە هاوکاری ئەنەکەسە و یەنەکە، ئێستا رێگەی کوردی رۆژئاوای کوردستان بەرەو پێکهێنانی شاندێکی کوردییە کە بچێتە دیمەش و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا بکات. بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، لە ماوەی هەفتەیەکدا شاندە کوردییەکە پێکدێت و بەرێخۆی دەکەوێتە دیمەش و یەکێک لە دۆسیە سەختەکان، مژاری ناوەندیبوون یان ناناوەندیبوونی دەوڵەتە.
یەکێک لە سەرکردەکانی پارتییەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی دەڵێت کە سەردانی ترەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو و کۆبوونەوەی لەگەڵ شەرع، رۆڵێکی گەورە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کوردان دەبێت.
یەکێک لە کەسایەتییە سەربەخۆکان و ئەندامی کۆنفەرانسی یەکبوون و یەک هەڵوێستیی کوردی ئاماژەی بەوە کرد شاندە کوردییەکە لە هەفتەی داهاتوودا راگەیەنراوە و یەکێک لە دۆسیە سەختەکان لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەش، مژاری ناناوەندیبوونە.

