zagros news agency

ڕاگەینراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە، سەبارەت بە ڕۆژانى جەژن

 

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگاوە بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی قوربان، لە سنووری پارێزگاکەمان بەوشێوەیەی خوارەوە بووە:-

یەکەم/ گەشتوگوزار:

بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، پلانی گەشتوگوزار، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە رۆژانی جەژنیش ژمارەی ئەو گەشیارانەی سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە ( 89 هەزار و 301 ) گەشتیار.

دووەم/ قائیمقامیەتی ناوەندی:-

لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێری کردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، لەلایەن لیژنەکانی سەر بە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە هۆی پابەند نەبوون و ڕەچاونەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و کوشتنەوەی ئاژەڵ لە دەرەوەی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، ( 15 ) قەساب دەستگیر کراون، ( 27 ) شوێنی جۆراوجۆری خۆراک و گۆشت فرۆشی داخراون، ( 4 ) ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ئاژەڵیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دانرابوون، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێکرا و بۆ هەرحاڵەتێکی  پێویستیش، هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

چوارەم/ پۆلیس:-

سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، ( 42 ) تاوان تۆمارکراوە، ( 41 ) تاوان ئاشکراکراوە، ( 1 ) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

پێنجەم/ هاتووچۆ:-

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، ( 17 ) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا، لە ئەنجامیاندا ( 9 ) کەس بریندار و ( 1 ) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.

شەشەم/ بەرگری شارستانی:-

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا ( 16 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی جیاجیا ڕوویانداوە، جگە لەزیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.

حەوتەم/ تەندروستى:

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیى تەندروستى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەو ماوەیەشدا کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە ( 6 هەزار 575 ) نەخۆش بووە، (  305 ) حاڵەت و ڕووداوى جۆراو جۆر چارەسەری بۆکراوە، ( 71 ) منداڵ لەدایک بووە ( 40 کچ ) (31 کوڕ)، ( 81 )نەشتەرگەرى ئەنجامدراوە و ( 383 ) حاڵەتى شوشتنی گورچیلە هەبووە.

هەشتەم/ شارەوانی:-

تەواوی بڕگەکانی پلانی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە ڕۆژانى جەژن ئاماری چوار ڕۆژی جەژنی قوربان لە سنووری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی، بەمشێوەیە بووە، داخستنی( 4 ) دووكانی گۆشت فڕۆشتن لە گوندی گردە ڕەشە، بە هەماهەنگی پۆلیسی شارەوانی لە هەڵمەتی بەرگری كردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون

و دەست بەسەر داگرتنی ( 22 ) سەر مەڕ و دەست بەسەر داگرتنی ( 2 )پیكاب، ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی ( 2 )زێدەڕۆی، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ژینگە پارێزی، فڕێدانی پاشماوەی ( 1124 تۆن ) ئاژەڵی قوربانی، ( 108 هەزار گەشتیار )سەردانی پارك و باخچەكانی كردوە و ( 30 هەزار ) گەشتیاریش سەردانی پاڕكی سامی عەبدولڕەحمانی كردووە.

نۆیەم/ گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر:-

لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر و بەبۆنەى جەژنى قوربان تەنها لە ڕۆژانى جەژن (1 هەزار و 461 ) ئاژەڵ کراوەتە قوربانى، کە ( 270 ) یان ئاژەڵى گەورە و ( 1 هەزار و 191 )شیان ئاژەڵى بچووک بوونە.

وێڕای دەستخۆشی لەسەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشى بازگەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی شارەکەمان دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەداین و بەهەموو توانایەکەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی تەندروستی و گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.

 

نووسینگەی پارێزگای هەولێر

2025.6.9

هەواڵی پەیوەندیدار

لە تورکیا ١٦ هەزار کەس به‌هۆی قوربانی‌کردنی ئاژەڵان بریندار بوون

سەڵاح

زێڕ زیاتر بەرزبووەوە

یاسین

دوو هێرشی درۆنی لە ئیدلب کوژراوی لێکەوتەوە

سەڵاح