لە ١١ی١١ی٢٠٢٥ بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق ئەنجامبدرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق لە ئامادەکاریەکانی بەردەوامە و دوا وادەش بۆ ڕادەستکردنی لیستی کاندیدانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان بە کۆمیسیۆن ٢٦ی٦ی٢٠٢٥ بوو و دەرگای خۆ پالاوتن دادەخرێت.
لەمبارەیەوە مەڕوان محەممەد ساڵح، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: ڕادەستکردنی لیستی کاندیدانی حیزب و لایەنە سیاسیەکان بە کۆمیسیۆن دوا وادەی ٢٤ی ٦ی٢٠٢٥ بوو، بەڵام وەک دەرفەتێک دوو ڕۆژی دیکە لە لایەن کۆمیسیۆن درێژکرایەوە و تاوەکو ئەمڕۆ ٢٦ی٦ی٢٠٢٥ مۆڵەت بە حیزب و لایەنە سیاسیەکان درابوو.
هەروەها مەڕوان محەممەد ساڵح، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە ئەمڕۆ ٢٦ی٦ی٢٠٢٥ وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنی لیستی کاندیدی حیزب و لایەنە سیاسیەکان، لە ئۆفیسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای هەولێر هیچ هاوپەیمانیەک تۆمار نەکراوە و تەنیا ٧ لایەنی سیاسی و ٢ کاندیدی سەربەخۆ کە لەسەر کورسیە گشتییەکان کێبڕکێ دەکەن، و ٣ کاندیدیش بۆ کۆتای کریستیان، لیستی کاندیدەکانیان ڕادەستی کۆمیسیۆن کردووە.
رێباز یونس

